ڤیان سەبری: بەشێکی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ بەربژێربوونەوەی بەرهەم ساڵح نین
رووداو دیجیتاڵ
دوای نۆ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت و 11 دانیشتنی ئاسایی پەرلەمان؛ تاوەکو ئێستا پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلایی نەبووەتەوە. تائێستاش پارتی و یەکێتی لەسەر بەربژێرێکی هاوبەش بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار رێکنەکەوتوون، بەربژێرکردنەوەی بەرهەم ساڵحیش گرفتی نێوانیانە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "ئێمە دەڵێین تا ئێستا چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەموویان بڕوای تەواویان بە بەڕێز بەرهەم ساڵح نییە، ئەوە روونە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا زۆر تێبینییان لەسەر ئەدای بەرهەم ساڵح هەبووە."
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران و پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێویستە سەرەتا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت. یەکێتی تاوەکو ئێستا لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هاوپەیماندایە و دەڵێت، چوارچێوە دەنگ بە بەربژێری ئەوان دەدات.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەڵوێست و سەنگی یەکێتیی نیشتمانی لەبەرچاوە و دەزانێت، بۆیە لەدوایین کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئەوان دەنگ بە بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، لە بنەڕەتدا ئەگەر یەکێتی و پارتی نەگەنە رێککەوتن، بێگومان چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو ئەو هاوپەیمانێتییەی خۆی دەڕوات کە لە رابردوو [یەکێتی] مافی لەسەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە."
دوای ئەوەی هەموو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی سەدری لە پەرلەمانی عێراق دەستیانلەکارکێشایەوە و ژمارەی پەرلەمانتارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بۆ زیاتر لە 100 پەرلەمانتار بەرزبووەوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی چواچێوەدایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.
عەباس عەبوود، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت: "قسە لەسەر بەرپرس و کەسایەتییە پلە دووەکانە وەک باس دەکرێت، دواجار لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو، واتا لەم هەفتەیە هەواڵی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاودەبێتەوە".
هەینی رابردوو سەتان هەزار لە ئەندامان و لایەنگرانی رەوتی سەدر بە ھاوار و گڕوتینێکی زۆرەوە بەشدارییان لە نوێژی هەینیی یەکگرتوو کرد.
رێبەرى رەوتى سەدر لە گوتاری ئەو نوێژەدا 10 مەرجی دایە ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن، لەوانە: دووبارە رێکخستنەوەى حەشدی شەعبی و هەڵوەشاندنەوەى گرووپە چەکدارەکان، دوورکەوتنەوە لەوەى بەرپرسیارێتى بدرێتە ئەو کەسانەى پێشتر تاقیکراونەتەوە، لەمەشدا مەبەستی نووری مالیکییە.