لە بەسرە میسرییەک چوار هاوڕێی خۆی دەکوژێت و پارچەپارچەیان دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی پارێزگەی بەسرە دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی میسریی راگەیاند کە چوار هاوڕێی میسریی خۆی کوشتووە، تەرمەکانی پارچەپارچە کردوون و خستوونەتییە نێو زبڵدانەوە.
 
ئەو پیاوە میسرییە پێشتر لە وڵاتی خۆی پیشەی گۆشتفرۆش بووە و ئاژەڵی سەربڕیوە، لە بەسرەش بە ئامێری تیژ هاوڕییەکانی خۆی کوشتووە. 
 
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای بەسرە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، میسرییەکیان دەستگیرکردووە چوار میسریی دیکەی سەربڕیوە و تەرمەکانی پارچەپارچە کردوون.
 
ئەو هاووڵاتییە میسرییە دوای پارچەکردنی تەرمی هاوڕێکانی، فڕێیداونەتە نێو دوو تەنەکەی زبڵەوە لە ناوچەکانی توێسە و خانووەکانی گەڕەکی نەوت.
 
پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە؛ بکوژ قوربانییەکانی بە چەقۆ و چەکووش کوشتووە، دوای ئەوەی بەڵگەی تاوان زانیارییان پێگەیشتووە و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، گەیشتوونەتە سەرەداوی باش کە بۆ دۆزینەوەی ناسنامەی بکوژ ئاسانکاریی بۆ کردوون.
 
پۆلیسی بەسرە دواتر بۆی دەرکەوتووە چوار هاووڵاتیی میسری، کە لە بەسرە کرێکاری دەکەن، دیارنەماون. کۆنسووڵخانەی میسر لەو پارێزگایە بە پۆلیسی گوتووە لە باڵەخانەیەکدا کاردەکەن.
 
بکوژ ناوی"مەمدووح"ـە. پۆلیس ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە پێشتر لەوڵاتەکەی خۆی گۆشتفرۆش بووە، کاری سەربڕینی ئاژەڵانی کردووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ژمارە مۆبایلەکەی، دەرکەوت تۆمەتبارەکە بەرەو بەغدا هەڵاتووە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە لە چەند شوێنێکی سەنتەری شارەکە پارچەی تەرمەکانی فڕێداوە.
 
چوار کرێکارەکە لە کۆمپانیایەک بەناوی جوانا کە تایبەتە بە بەڵێندەرایەتی کاریان کردووە. پۆلیس گرتەی ڤیدیۆیی ئەو تۆمەتبارە و دوای رووداوەکەشی بڵاوکردووەتەوە کە پارچە گۆشتی تەرمەکان دەباتە نێو زبڵدان.
 
عەلی عیبادی، سەرۆکی سەنتەری عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ، رووداوکەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە، گوتی "پۆلیس لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە، هێشتا بەدیاریکراوی دیارنییە بۆچی ئەو میسرییە هاوڕێیەکانی خۆی سەربڕیوە، بەڵام پێکەوە کاریان کردووە."