دوو پارێزگارى عێراق سکاڵا دژى گواستنەوەى فەرمانگەکانى شەش وەزارەت تۆمار دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
دوو پارێزگارى عێراق لە دادگەى باڵاى فیدراڵى سکاڵا دژى گواستنەوەى فەرمانگەکانى شەش وەزارەت بۆ سەر پارێزگاکانیان تۆمار دەکەن. جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو گواستنەوەیە کێشەى دارایی بۆ دروستکردوون."
سکاڵاکان لەلایەن هەردوو پارێزگارى بابل و واستەوە دژى سەرۆکی پەرلەمان تۆمار کراون، داوا دەکەن هەموارێکى یاسای پارێزگاکانى عێراق بە نادەستوورى بزانرێت کە لە ساڵى 2018 لە پەرلەمان پەسند کراوە.
بەگوێرەى ئەو هەموارە، سەرجەم فەرمانگەکانى سەر شەش وەزارەت و فەرمانبەرانیان دەگوێزرێنەوە سەر پارێزگاکان کە بریتین لە وەزارەتەکانى شارەوانی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى، کشتوکاڵ، دارایی، گەنجان و لاوان.
کوردۆ عومەر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "بنەماى ئەو سکاڵایە ئەوەیە کە پارێزگاکان گلەییان هەیە لەوەی ئەو فەرمانگانە خراونەتە سەر پارێزگاکان، بەڵام بودجەى پێویستیان بۆ دابین نەکراوە."
25ى حوزەیران دانیشتنێکى دادگەى فیدراڵى لەبارەى ئەو سکاڵایە دەکرێت کە پێشتر لە 14ى ئایار دواخرابوو.
جێگرى سەرۆکى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەمانى عێراق گوتیشی، "پارێزگاکان دەیانەوێت دەسەڵاتیان پێ بدرێت بە تەواوى چاودێریى کارى ئەو فەرمانگانە بکەن."
بەگوێرەى ئەو هەموارەى تانەى لێدراوە، رۆڵى ئەو فەرمانگانە لە پلاندانانی سیاسەتى گشتى لە چوارچێوەى ئەرکى وەزارەتەکانیان دەبێت.
کۆردۆ عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو بابەتە کێشەى بۆ هەندێک لە پارێزگاکان دروستکردووە بەوەى کە ئۆباڵى تەواونەکردنى هەندێک پڕۆژە دەخرێتە ئەستۆى پارێزگاکان لەگەڵ ئەوەى سەر بە وەزارەتەکانن.