دژە تیرۆرى عێراق لەسەر 'بێزاریی کارمەندانى' بۆ ئەرکێکى نوێ، روونکردنەوە دەدات
رووداو دیجیتاڵ
دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق دەڵێت، هەواڵى بێزاربوونى هەندێک لە کارمەندانى دەزگاکە بڵاوبووەتەوە بەرامبەر ئەو ئەرکەى بەم دواییە لە بەغدا بە دەزگاکە دراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "دەزگاى دژە تیرۆر لە ژێر فەرمانى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکاندایە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنى هەر ئەرکێک کە رۆڵى هەبێت لە پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى عێراق لە هەر شوێنێک بێت".
دەزگاکە لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، بەشێک لە دەزگاکانى راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چەند رۆژى رابردوودا هەواڵى لەو جۆرەیان بڵاوکردەوە کە گوایە هەندێک لە کارمەندانى دەزگاکە "بێزار"ن لەو ئەرکەى بەم دواییە لە بەغدا لە هاوکاریکردنى هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنى ئاسایش و ئارامى پێیان سپێردراوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە: "ناوى نەناسراو و وێنەى هەندێک کارمەند و ئەفسەرانى دژە تیرۆر بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەو بێزارییەیان دەربڕیوە".
دواى هێرشکردنە سەر چەند خواردنگەیەکى براندى ئەمریکى لە بەغدا، دەزگا ئەمنییەکانى عێراق رێوشوێنى تووندیان بۆ پاراستنى ئەو شوێنانە گرتەبەر. جگە لەو هێزە ئەمنییانەى پێشتر ئەرکى پاراستنى دۆسیەی ئەمنییان لە بەغدا پێ سپێردرابوو، دەزگاى دژە تیرۆرى عێراقیش بەشداری لەو ئەرکەدا پێکرا.
دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، لە ژێر فەرمانى محەممەد شیاع سوودانی، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکاندایە و ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنى هەر ئەرکێک کە رۆڵى هەبێت لە پاراستنى سەقامگیرى و ئاسایشى عێراق لە هەر شوێنێک بێت.
ساڵى 2016 دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق بە فەرمى دامەزرا، ئەوەش دوای ئەوەى پەرلەمان یاسایەکى تایبەت بە دامەزراندنی پەسند کرد. ئەرکى سەرەکى دەزگاکە رێگرییە لەو کارانەی کە دەچنە چوارچێوەى تیرۆر و تۆقاندن.
دەزگاى دژە تیرۆرى عێراق داواى لە کەناڵەکانى راگەیاندن و خاوەنى پەیجى تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان کردووە بەشێوەیەکى پیشەییانە کاربکەن.