گوللەى وێڵ لە عێراق لە خۆشی و ناخۆشییدا قوربانى لێدەکەوێتەوە

17-06-2024
هەستیار قادر
بنکەیەکی پۆلیس لە بەغدا.
بنکەیەکی پۆلیس لە بەغدا.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 
 
گوللەى وێڵى بۆنەى خۆشی و پرسەکان لە عێراق، چەندین کەسی بریندار کردووە یان بوونەتە خاوەن پێداویستى تایبەت. وەزارەتى ناوخۆی عێراق پلانێکى سێ قۆناخى بۆ کۆتاییهێنان بە چەکى بێ مۆڵەت دەستپێکردووە.
 
زیاتر لە مانگ و نیوێکە ئەحمەد حوسێنی 30 ساڵ بە دارشەقەوە رێدەکات، دواى ئەوەى لە ناوچەى یوسفیەى بەغدا گوللەیەکی وێڵ بەر قاچێکی دەکەوێت.
 
ئەحمەد حوسێن دەڵێت: "دەنگێکى گەورە لە ژوورەکەم هات و لەسەر جێگەکەم کەوتمە خوارەوە؛ سەیرم کرد قاچم گەرم بووە و خوێنى لێ دەچۆڕێت؛ ئاهەنگێکى پێکههێنانی ژیانی هاوژینی هەبوو و لەوێوە تەقەکرا و بریندارى کردم؛ ئەو جۆرە ئاهەنگانە زۆرن و خەڵک تەقەى خۆشى زۆر دەکەن. کەسانێک هەن تەنانەت کاتێک مەڕێکیش دەکڕن تەقە دەکەن". 
 
لە نێوەڕاست و باشوورى عێراق، ئاهەنگ بێت یان پرسە تەقە بە ئاسماندا دەکرێت، بێ ئەوەى بیر لەوە بکرێتەوە ئەنجامى کەوتنەخوارەوەی گوللە وێڵەکە چى دەبێت. 
 
سەعد عەباس، دانیشتووى بەغدا قوربانییەکى دیکەى گوللەى وێڵە و دەڵێت: "لە باخچەى ماڵەکەم دانیشتبووم و خۆم ئامادە دەکرد بۆ ئەوەى بچم بۆ مزگەوت؛ لەو کاتەدا گوللەیەک بەرم کەوت".
 
بۆ نەهێشتنی تەقەکردن و رێگری لەو رووداوانە، لە یەکی ئایاری ئەمساڵەوە وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەستی بە کڕینەوەى چەک لە هاووڵاتیان کردووە.
 
زیاد قەیسی، گوتەبێژى لیژنەى تایبەت بە کۆکردنەوەی چەکەکە دەڵێت: "دەوڵەت بۆ هەر کام لە شارەکان یەک ملیار دینارى بۆ کڕینەوەى چەک تەرخان کردووە، بەڵام بۆ بەغدا پارەکە دوو ملیار دینارە".
 
سنووردارکردنى چەک سێ قۆناخە؛ تۆمارکردنى چەک بۆ ئەوەى مۆڵەتیان پێ بدرێت؛ وەرگرتنى چەک؛ گەڕان بەدواى چەکى بێ مۆڵەت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە