وەزیرانی دەرەوەی عێراق و فەرەنسا لەبارەی لووتکەی بەغدا کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی فەرەنسای کرد و لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە لەگەڵ کاترین کۆلونا، وەزیری ئەوروپا و کاروباری دەرەوەی فەرەنسا کۆبووەوە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەسەر هەنگاوە لەپێشینەکانی رێکخستنی کۆنگرەی سێیەمی بەغدا بۆ هاریکاری و هاوبەشی کرا، کە بڕیارە ساڵی داهاتوو لە بەغدا بەڕێوەبچێت".
 
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کردووە "کۆنگرەی بەغدا نەک تەنیا بۆ عێراق، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە گرنگ دەبێت، چونکە سەرنجی لەسەر هاوبەشیی ئابووری دەبێت و عێراق بڕوای بەوەیە بەرژەوەندییە ئابوورییەکان دەبنە هۆی دروستبوونی کەشێکی ئەرێنی بۆ لێکتێگەیشتن و بەدیهێنانی سەقامگیری بۆ هەموو لایەک، بەتایبەتی لە کاتێکدا ناوچەکە دۆخی ئەرێنیی بەخۆیەوە بینیوە،" ئەمە وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە. 

 

وەزیری دەرەوەی عێراق هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە فەرەنسا رۆڵێکی "گرنگ لە پشتیوانیکردنی هاوبەشیی ئابووریی نێوان وڵاتانی ناوچەکدا دەگێڕێت".
 
بە گوێرەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، کاترین کۆلۆنا "سوپاسگوزاریی خۆی" بۆ فوئاد حوسێن لە بەرامبەر سەردانەکەی و "رەخساندنی دەرفەت" بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتیی رێکخستن و قسەکردن لەبارەی نێوەڕۆکی کۆنگرەکە دەربڕیوە. 
 
کاترین کۆلۆنا لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ فوئاد حوسێن، لە تویتەر نووسیویەتی: یەک هەفتە لەدوای کۆبوونەوەمان لە ریاز، خۆشحاڵبووم بە پپێشوازیکردن لە هاوتا عێراقییەکەم، بۆ بەردەوامبوون لە ئامادەکاریی سێیەم لووتکە بۆ سەقامگیریی هەرێمی لە بەغدا لە کۆتایی ساڵی 2023. بەغدا رۆڵێکی بنەڕەتیی لەو ناوچەیەدا هەیە کە پێویستیی بە سەقامگیرییە".
 
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وەک لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق هاتووە "جەختی لە پابەندبوونی وڵاتەکەی لەسەر بەستنی کۆنگرەی بەغدا کردووەتەوە و ئاماژەی بە رۆڵی سەرەکیی عێراق لە هێنانەکایەی کەشی گونجاو بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەکە کردووە کە رەنگدانەوەی ئەرێنیی لەسەر ئاساییشی ناوچەکە دەبێت".
 
کۆنگرەی دووەمی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەشی بە بەشداری چەند سەرۆک و سەرکردەیەکی وەک محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی 20-12-2022 لە ئوردن بەڕێوەچوو.