یەکێک لە گەورەترین زۆنگاوەکانی عێراق مەترسیی وشکبوونی لەسەرە


رووداو دیجیتاڵ 

زۆنگاوی حەمماری رۆژئاوا لە باشووری عێراق، یەکێک لە گەورەترین زۆنگاوەکانی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، درێژییەکەی 100کیلۆمەتر و پانییەکەی 25-35 کیلۆمەتر دەبێت، بەهۆی سرووشتەکەیەوە سەرچاوەی خێر و بەرەکەتە بۆ دانیشتووانی نزیکی، بەڵام بە گوتەی خەڵکی ناوچەکە، زۆنگاوەکە لە بواری گەشتیارییدا فەرامۆش کراوە. 
 
سەید ئەحمەد، ماسیگر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆنگاوی حەمماری رۆژئاوا خاوەن سرووشتێکی زۆر جوان و ناوازەیە. پێشتر لەم زۆنگاوانەدا چەندین جۆر ماسی دەژیان. 95٪ـی ئاوی زۆنگاوەکانی حەمماری رۆژئاوا بە پاشەڕۆ و ئاوی قورس و پیس شێوێندراوە. پێشتر سەرچاوەی زۆربەی ئاوی ئەم زۆنگاوانە لە رووباری فوراتەوە بوو، ئێستا ئاوی رووباری فوراتی پێناگات. ئێستا تەنیا ئاوی پاشماوە و پاشەڕۆ پیسەکان و ئاوی قورسی بۆ دێت. ئەم ئاوانە بۆ ماسی و باڵندە گونجاو نین و تەنانەت کاریگەریی لەسەر رووەکەکانیش هەیە". 
 
زۆنگاوی حەممار دەکەوێتە پارێزگای زیقار لە باشووری عێراق. جگە لەوەی سرووشتێکی ناوازەی هەیە و ژمارەیەکی زۆر باڵندە و ئاژەڵی کێوی تێیدا دەژین، سەرچاوەی بژێویشە بۆ بەشێکی خەڵکی دەوروبەری، کە بە لێکردنەوە و فرۆشتنی قامیش و بەخێوکردنی گامێش و ماسیگرتن، بژێوییان لەو سەرچاوە سرووشتییەوە دەستدەکەوت. 
 
بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی زیقار زەنگی مەترسیی وشکبوونی تەواوی زۆنگاوەکان لێدەدات و داوا لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات بەهانای زۆنگاوەکانەوە بچن. 
 
کەریم هانی محەممەد، بەڕێوەبەری ژینگەی زیقار دەڵێت، "پارێزگای زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە. دەرئەنجامی ژینگەی خراپ زاڵە. بەرچاوترینیان دیاردەی وشکبوونەوەی زۆنگاوەکانە، کە پێشتر ئاوی رووباری فورات و دیجلەی پێدەگەیشت، بەڵام کەمبوونەوەی ئاستی ئاوەکانی هەردوو رووبارەکە، کاریگەریی نەرێنی و راستەوخۆی بەسەر ئەم زۆنگاوانە دەبێت، ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بێ چارەسەرکردن بەردەوام بێت، لە ماوەیەکی دیاریکراودا زۆنگاوەکان کە بەشێکن لە کەلەپووری نیشتمانیی عێراق، وشک دەبن". 
 
لە ساڵی 2016 ناوچە زۆنگاوەکانی عێراق خرانە نێو لیستی کەلەپووری جیهانییەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی هاتووەوە لە وڵاتانی دراوسێ، رووبەرێکی فراوانیان لەدەستداوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی دەرهێنان لەو لیستەیان لەسەرە.