رووداو دیجیتاڵ
رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعی هۆشداری بە پەرلەمانی عێراق دەدات لە ئەگەری دەنگ نەدان بە جەژنی غەدیر و دەڵێت، "ئەگەر دەنگ نەدەن، ئەوا دەبێت رووبەڕووی محەممەد (د.خ) و عەلی ببنەوە."
ئەمشەو هەینی 17ی ئایاری 2024 موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعی، لەبارەی جەژنی غەدیر پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیی بڵاوکردەوە. تێیدا ئاماژەی بە بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی سوننە و شیعە کرد لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و گوتی، "پێکەوە لەگەڵ برایانی سوننە ژیاین و پێکەوەش رووبەڕووی داگیرکاران بووینەوە، تەنانەت لە ئەنبار و پارێزگاکانی دیکەش."
سەدر گلەیی لە سوننەکان کرد بەهۆی هەڵوێستەکانیان بەرامبەر شیعە و گوتی، "سەرباری ئەوەی بە کەمی لەپشت ئێمە نوێژیان کردووە، بەڵام ئێمە زۆر لەدوای ئەوانەوە نوێژمان کرد. ئەوانەی لە سەرەتای داگیرکاریی ئەمریکادا دەستدرێژییان کردە سەریان، دەرمانکردن. بەتایبەتیش لەکاتی هەڵکشانی کێشەی تایفەگەریی دروستکراودا. گوێمان بە هیچ نەدا و بە چەندین جۆر تۆمەتبار کراین و بەمەش نەوەستان، هەوڵیان دا لە ئایین و ئایینزاکەمان دەرمانبهێنن."
لەبارەی تایفەگەریشەوە رایگەیاند، "لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی تایفەگەریدا، لە کەس قبووڵ ناکەم موزایەدە بەسەرمەوە بکات، لە کاتێکدا هەمووان دەستیان لە تایفەگەریدا هەبووە."
سەبارەت بە داواکارییان بۆ پەسندکردنی جەژنی غەدیر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعی گوتی، "کاتێک داوای پشووی جەژنی غەدیر دەکەین، ئەمە بۆ کپکردنی تایفەگەری و کاراکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتەواییە. کەسانێک هەن داوای پشوو دەکەن لە بەرامبەر ئەو پشووەی رۆژی غەدیر کە داوامان کردووە. جەژنی غەدیر بریتییە لە دامەزراندنی عەلیی کوڕی ئەبی تاڵیب لەلایەن پەیامبەرەوە وەکو جێگرەوەی خۆی. هەروەها دەگوترێت راگەیاندنی خۆشەویستییە لەلایەن پەیامبەرەوە بۆ عەلیی کوڕی ئەبی تاڵیب. ئەی بۆچی پەیامبەر، خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەم و ئەو رانەگەیاند؟"
موقتەدا سەدر بەم شێوەیە پێناسەی جەژنی غەدیر کرد و گوتی، "با پێتان بڵێم جەژنی غەدیر چییە؛ کاتێک مانگی رەمەزان کۆتایی پێدێت و رۆژووەکان تەواو دەبن، جەژنی رەمەزان دێت. دوای تەواوکردنی حەج و رێکارەکانیشی، جەژنی قوربان دێت. باشە جەژنی غەدیر چییە؟ جەژنی غەدیر بریتییە لە تەواوکاریی ئایین و نیعمەتەکان. کەواتە رۆژی غەدیر کە داوا دەکەین بکرێتە پشوو، جەژنێکە بۆ تەواوکردنی ئایین و تەواوکاریی نیعمەتەکانە، کە پەیامبەر (د.خ) لە ژیانی خۆیدا رایگەیاندبوو. بەمەش پێویستە رۆژی 18ی زیلحیجە بکرێتە پشوویەکی فەرمی گشتیی بۆ هەموو موسڵمانان."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، موقتەدا سەدر رووی دەمی کردە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هۆشداریی پێدان لە پەسند نەکردنی داواکەیان و گوتی، "ئەگەر پەرلەمانی عێراق بە سوپاسەوە دەنگیان بەم داواکارییە جەماوەرییە میانڕەوە دا، ئەوە نیعمەتێکە هەمووان دەگرێتەوە؛ بەڵام ئەگەر دەنگیان پێنەدا، با بە سوننە و شیعە وەکو نەیارێک رووبەڕووی محەممەد و عەلی ببنەوە."
ئەمڕۆ هەینی، لەسەر داوای موقتەدا سەدر، دەیان هەزار لایەنگرانی ئەم رەوتە شیعە، بە ژن و پیاو بەشدارییان کرد لە نوێژی هەینی بۆ پشتیوانیکردن لە داواکەی سەدر بۆ پەسندکردنی جەژنی غەدیر وەک پشوویەکی فەرمیی لە سەرتاسەری عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ