ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: کاتێکی کەمی ماوە بودجە تەواو ببێت

 
رووداو - بەغدا

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوایین کۆبوونەوەکانی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ئەنجام دەدات، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان ئاگادار کردووەتەوە کە تاوەکو رۆژی هەینی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو دەکەن و دەتوانن سەرەتای هەفتەی داهاتوو رۆژێک دیاریبکەن بۆ دەنگدان لەسەری.
 
بە بۆچوونی د. خەلیل دۆسکی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، "کاتێکی کەمی ماوە بودجە تەواو ببێت، چونکە ئێمەش وەکو لیژنەی دارایی دەمانەوێت زوو تەواو ببێت؛ خەڵک و دامودەزگای حکومەت پێویستیان بە بودجەیە، بۆیە بە زووترین کات پێویستە ئەم بودجەیە پەسند بکرێت. ئێمە شەو و رۆژ سەرقاڵی پڕۆژەیاسای بودجەین و لەو دوو سێ رۆژەی دێت لە پەڕلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت."
 
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت رێککەوتوون تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، وەکو چۆن لە بودجەدا هاتووە، بنێردرێت. ئەو بڕگەیەش لادراوە کە ئاماژەی بەوە کرد، نابێت زیاتر لەو داهاتە بنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان کە خۆی لە داهاتی نەوت و نانەوتی دەیداتە بەغدا.
 
سالم عەمبەکی، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھاوئاھنگی ئاماژە بەوە دەکات، "ھەموو کێشە و گرفتەکانی ساڵانی رابردوو کە ھەبوون، چ سیاسی بێت یانیش ئابووری لەم بودجەیە چارەسەر کراون، ئەو گفتوگۆیانەی لە لیژنەی دارایی دەکرێن تەنیا بۆ میوانداریکردنی وەزارەت و پارێزگار و شارەزایانن لەسەر بودجە و چۆنێتی خەرجکردنی، بە بڕوای من پشکی ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەی نییە و تەواوی پێکھاتەکان پشکی خۆیان پێدەدرێت."
 
گەورەترین بودجە لە مێژووی عێراق لەدوای ساڵی 2003 پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی داهاتووە کە گوژمەکەی 199 تریلیۆن دینارە، پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە 12.67% دیاریکراوە.
 
پەرلەمان چاوەڕوانی لیژنەی دارایی دەکات بۆ تەواوکردنی کارەکانیان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، ھەرچەندە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاندبوو، لەم ھەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە پەسند دەکرێت، بەڵام لیژنەی دارایی دەڵێت، سەرەتای ھەفتەی داھاتوو دانیشتنی تایبەت بە پەسندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2023، 2024 و 2025 دەکرێت.