368 ئاوارە لە کەمپی جدعە گەڕانەوە زێدی خۆیان
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، 368 ئاوارەی کەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا گەڕانەوە زێدی خۆیان.
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رۆژی دووشەممە 17-04-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت بۆ داخستنی کەمپەکان و کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، 368 ئاوارە لە کەمپی جدعە 5 لە باشووری موسڵ لە پارێزگای نەینەوا گەڕانەوە زێدی خۆیان.
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانە بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بەهاوکاری رێكخراوی کۆچی نێودەوڵەتی گەڕانەوە زێدی خۆیان، هەر خێزانێکیش یەک ملیۆن و 500 هەزار دیناری پێدراوە.
عەلی عەباس رەتیکردوە کە ئەوانە ئاوارە گەڕاوەکانی کەمپی هۆل بن و گوتی، ئەوان لە کاتی پرۆسەی ئازادکردنەوەی ناوچەکاندا ئاوارەبوون و زیاتر خەڵکی پارێزگای نەینەوا و سەلاحەددینن.
هەر لەوبارەوە، ئیڤان فایەق، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داوای لە ئەندامانی وەزارەتەکەی کردووە لە تۆمارکردنی ناوی ئەو کەسانە پەلە بکەن کە دەیانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە ئەمنییە پەیوەندارەکان.
دوای كۆنتڕۆڵكردنی چەند پارێزگا و شارو شارۆچكەیەكی عێراق لەلایەن داعش لە هاوینی 2014، 174 كەمپ بۆ ئاوارەكان لە عێراق دروستكران. زۆربەیان داخراون، جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان.
نزیکەی 700 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین. 30٪ـی ئەو ژمارەیە لەنێو کامپەکاندا نیشتەجێن؛ ئەوانەی دیکە لەنێو شار و شارۆچکەکان نیشتەجێن.