سوودانی بۆ رووداو: پابەندین بە دابینکردنی مووچە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان

17-04-2023
محەممەد شێخ فاتیح
نیشانەکردن مووچە محەممەد شیاع سوودانی
A+ A-
 رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە ملیۆنێک مووچەخۆری هەرێمی کوردستان چاویان لەوەیە بزانن چارەنووسی مووچەکەیان چی لێدێت، لەکاتێکدا  هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان وەستاوە. سەرۆکوەزیرانی عێراق لە رێگەی رووداو دڵنیایی دەدات کە "دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەرکی سەرەکیی حکومەتی عێراقە و پێیەوە پابەندن".
 
رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە محەممەد شێخ فاتیح، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەن و لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوت (ـی هەرێمی کوردستان) دەستپێدەکاتەوە".
 
لە کوردستان زیاتر لە ملیۆنێک و 251 هەزار مووچەخۆر هەن و چاویان لەوەیە مووچەی ئەم مانگەیان پێبدرێت، بەڵام هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەسەر سکاڵای عێراق لەدژی تورکیا و بە بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس وەستا، ئەمەش ترسی بۆ دروستکردوون کە لەکاتی خۆیدا مووچەیان پێنەدرێت.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت "دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، ئەرکی سەرەکیی حکومەتی عێراقە. ئێمە پابەندین بە دابینکردن و پێدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".
 
سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، زیانی راگرتنی لە ماوەی سێ هەفتەدا گەیشتووەتە سەرووی 500 ملیۆن دۆلار، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتی تەکنیکی ماوە و نامە ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە".
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بۆ رووداو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی بەهای دیناری کرد؛ بەهای دینار بەپێی بانکی ناوەندی و لە بازاڕ زۆر جیاوازە، بەهای دۆلار لە بازاڕ بە سەرووی 1400 دینارە لەکاتێکدا بەپێی بانکی ناوەندی 1320 دینارە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی "لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا بەهای دینار زیاتر لەبەرامبەر دۆلار بەرز دەبێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە