وەزیرى بازرگانیى عێراق: لەبرى ئارد دەتوانن 120 سەموون یان 90 نان وەربگرن


رووداو – هەولێر
 
وەزیرى بازرگانیى عێراق دەڵێت، بە گوێرەى دەستپێشخەرییەکى نوێی وەزارەتەکەى، هەر هاووڵاتیەک دەتوانێت لەبرى بەشە ئاردى مانگانە، 120 سەموون یان 90 نان وەربگرێت.
 
17ى نیسانى 2023، داود غەریرى، وەزیرى بازرگانیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەى دەست دەکات بە جێبەجێکردنى دەستپێشخەریى گۆڕینى بەشە ئاردى مانگانە بە نان و سەموون بۆ ئەو خێزانانەى کە خوازیارى ئەو هەنگاوەن.
 
وەزیرى بازرگانیی عێراق دەڵێت، گۆڕینى ئاردەکە خۆویستانەیە تاوەکو لەبەرامبەردا هەر ئەندامى خێزانێک 120 سەموون یان 90 نانى بازاڕى پێ بدرێت کە رۆژانە دەکاتە دەکاتە چوار سەموون یان سێ نان.
 
غەریرى گوتیشى:" ئەو هەنگاوە لەسەر بنەماى توێژینەوەی لیژنەیەکی تایبەتمەند بووە لەبارەى ئەو خێزانانەى کە لە ماڵەکانیان نان دروستناکەن. ئەو دەستپێخشەرییە بڕە پارەیەکى زۆر دەگەڕێنێتەوە کە لە نێوان هاووڵاتیان و بریکارەکانى ئارد دەفەوتێت و خێزانەکان بەشە ئاردەکانیان بە نرخێکى کەم دەفرۆشنەوە کە ناگاتە نرخى بەرهەمهێنانى".
 
پشکى هەر هاونیشتیمانییەک لە بەشە خۆراکى مانگانەى ئارد نۆ کیلۆ گرامە کە لە رێگەى بریکارەکانى ئاردەوە پێی دەدرێت.
 
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى بازرگانیى عێراق، ساڵانە ئەو وەزارەتە پێویستى بە زیاتر لە چوار ملیۆن تۆن ئاردە بۆ دابەشکردنى بەسەر هاووڵاتیاندا.