کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستپێدەکاتەوە؛ "128 پەرلەمانتار لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە قسە دەکەن"

17-04-2023
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن پەرلەمانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دانیشتنی پەرلەمانی عێراق تایبەت بە خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای بودجە شەوی رابردوو بەکراوەیی هەڵگیرا و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش دەستپێدەکاتەوە و بڕیارە تاوەکو درەنگانی شەو بەردەوام بێت و 128 پەرلەمانتار قسەی لەسەر بکەن. 
 
شەوی رابردوو، بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەی پەرلەمان بەمەبەستی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە بە ئامادبووونی 198 پەرلەمانتار دەستیپێکرد، دواتر ژمارەیان بۆ سەروو 200 پەرلەمانتار زیادیکرد.
 
لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانی 2023، 2024 و 2025 دەستپێکرد. سەرەتا لیژنەی دارایی راپۆرتی خۆی لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجە خوێندەوە؛ دواتر راپۆرتی هەردوو لیژنەی پلانی ستراتیژی و ئابووریی پەرلەمان لە بارەی پڕۆژەیاساکە خوێندرایەوە؛ پاشان سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەرگای گفتوگۆی کردەوە بۆ قسەکردن لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە. 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "دوای ئەوەی ژمارەیەک پەرلەمانتار قسەیان کرد، دانیشتنی پەرلەمان کۆتاییهات و کۆبوونەوەکە هەڵگیرا. کاژێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ دانیشتن دەستپێدەکاتەوە و تاوەکو پێش بەربانگ؛ دوای بەربانگیش کۆبوونەوەکە دەستپێدەکاتەوە تاوەکو درەنگانێکی شەو بەردەوام دەبێت".
 
دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، 128 پەرلەمانتار ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی قسە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجە بکەن.
 
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی 12.6٪ـی کۆی بودجەکە دیاریکراوە، کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەریی و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە