رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق رایدەگەیێنێت، رێژەی بێکاری لە وڵاتدا 14٪ـە. هەروەها دەشڵێت، نزیکەی 400 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراقدان.
ژمارەیەکی زۆر کرێکاری بیانی لە عێراق کار دەکەن لە کاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵکی عێراقیش بە دەست بێکارییەوە دەناڵێنن و هەلی کاریان دەست ناکەوێت.
نەجم عوقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "زۆربەی کرێکارە بیانییەکان کاری ئاسایی دەکەن، ئەوەیش وای کردووە کارگەریی لەسەر دەستی کاری عێراقی هەبێت. رێژەی بێکاری لە عێراقدا نزیکەی 14٪ـە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لەو کرێکارە بیانییانەی دێنە عێراق لەلایەن کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانەوە دەهێنرێن و بەشێکیشیان بە گرێبەست لەسەر ئاستی وەزارەتدا دەهێنرێن. زۆربەی ئەو کرێکارە بیانییانە خەڵکی وڵاتانی ئاسیان.
بە گوتەی نەجم عوقابی، هەبوونی ئەو کرێکارانە بووەتە هۆی ئەوەی پێشبڕکێی جیاواز لەسەر ئاستی کار دروست ببێت و نزیکەی 400 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراقدا هەن.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ کاری ئەو کرێکارانە هاوئاهەنگییەکی باش لەنێوان وەزارەتەکەی ئەوان و وەزارەتی ناوخۆدا هەیە و رێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر و بەشی زۆریان نێردراونەتەوە.
نەجم عوقابی ئاشکرایکرد، ئەو کرێکارانەی بە قاچاخ دێنە عێراق لە چەند رێگەیەکەوەیە؛ گەشت، گەشتی ئایینی، یان لە کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان کاریان کردووە و کاریان تەواو بووە و بە قاچاخ ماونەتەوە. ئەمانە وایان کردووە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هێزی کاری عێراق هەبێت.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەروەها گوتیشی: "نازانین ژمارەی ئەو کرێکارانە چەندە کە بە قاچاخ لە عێراقدا کار دەکەن."
نەجم عوقابی ئاماژەی بەوەش کرد: "زۆربەی ئەو کارانەی کرێکارە بیانییەکان دەیکەن هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی دەتوانێت بیانکات. لەبەر ئەوەی کرێکارە بیانییەکان بە پارەیەکی کەمتر کار دەکەن، هەلی کار بۆ ئەوان زیاترە."
بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە عێراقدا ئەو کرێکارانەی بیمەیان هەیە ژمارەیان لە 500 هەزار کەس زیاترە.
بەپێی ماددەی 30 لە یاسای کاری ژمارە 37ـی ساڵی 2015ـی عیراق نابێت هیچ خاوەنکارێک کار بە کرێکاری بیانی بکات تاوەکو مۆڵەتی کارکردنی لە وەزارەتی کار بۆ وەرنەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ