رووداو دیجیتاڵ
تێبینیى شیعەکان لەبارەی پڕۆژەیاساى حەشدى شەعبی و داواکاریى سوننەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى، زیاتر لە 40 رۆژە کۆبوونەوەى پەرلەمانى پەکخستووە، ئەگەرچى 6 جار کارنامەى کۆبوونەوە بڵاوکراوەتەوە بەبێ ئەوەى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران ئامادەبن.
دوایین کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراق لە 2ـى شوباتى 2025 بوو؛ لەو رۆژەوە پەرلەمان 6 جار خشتەى کارى کۆبوونەوەى بڵاوکردوەتەوە، بەڵام کۆنەبووەتەوە.
لەو 6 کارنامەى بڵاوکراوەتەوە سیانیان لە مانگى ئادار بوون، دوایینیان 11ـى ئادار بوو. هۆکارى ئەنجامنەدانى کۆبوونەوەکە ئەوەیە نەتوانراوە 166 پەرلەمانتار ئامادەبن کە رێژەى یاسایی پێویستە بۆ ئەنجامدانى هەر کۆبوونەوەیەک لە کۆى 329 ئەندامەکەى پەرلەمان.
ناکۆکى لەبارەى یاسای حەشدی شەعبی هەیە
یەکێک لە هۆکارەکانى ئەنجامنەدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان داواکاریى شیعەکانە بۆئەوەى پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی بخرێتە دەنگدانەوە کە ناکۆکى لەبارەیەوە هەیە.
ناکۆکییەکە لەنێو هێزە شیعەکانە لەسەر هەندێک لە مادەکانى، دواى ئەوەى جارێک حکومەت پڕۆژەیاساکەى کشاندەوە و گۆڕانکارى تێدا کرد.
بە گوێرەى بەدواداچوونى تۆڕى میدیایی رووداو، ناکۆکییە سەرەکییەکان لەبارەى ئەو پڕۆژەیاسایەوە تایبەتن بە پابەندییە داراییەکان، ناوهێنانى چەکدارانى حەشدی شەعبی بە "موجاهید"، لەگەڵ تەمەنى خانەنشینى.
تەمەنى خانەنشینى بەگوێرەى یاسا لە عێراق 60 ساڵە؛ هەندێک لە شیعەکان دەیانەوێت تەمەنى خانەنشینى ئەوانەى لە حەشدی شەعبی کاردەکەن بگەیێننە 68 ساڵ.
ئەگەر تەمەنى خانەنشینى بە 68 ساڵ دیاری نەکرێت، فالح فەییاز، سەرۆکى دەستەکە و ژمارەیەک لە بەرپرسانى دیکەى دەستەکە خانەنشین دەکرێن.
یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق کە لەبەر هەستیاریى بابەتەکە نەیویست ناوى بڵاوبکرێتەوە، بە رووداوى گوت: "دەوڵەتى یاسا و عەسائیبی ئەهلى حەق لەگەڵ لادانى فالح فەییازن و بەربژێریان بۆ پۆستى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی هەیە".
بە گوێرەى زانیارییەکان، لیژنەى ئاسایش و بەرگرى، لیژنەیەکى پێکهێناوە بۆ سەردانیکردنى ئەو لایەنانەى دژى ئەوەن فالح فەییاز لە پۆستى سەرۆکى دەستەکە نەمێنێت. سەرەکیترینیان هادى عامرى، سەرۆکى هاوپەیمانیى فەتحە.
پڕۆژەیاساکە ناوى "یاساى خزمەت و خانەنشینیى موجاهدینى دەستەى حەشدی شەعبییە". لیژنەى ئاسایش و بەرگرى کۆپییەکى بە پێشنیازەکانەوە ئامادەکردووە بۆ دەنگدان.
لیژنەکە پێشنیازى کردووە پێناسەى پۆستەکانى سەرۆک ئەرکان و ئەمیندار و ئەمیندارى گشتیی دەستەکە بنووسرێت، دانانى خشتەى مووچەى کارمەندانى دەستەکە بدرێتە دەست دەستەى حەشدی شەعبی و وەزارەتى دارایی، لە کاتێکدا لە داڕشتەى پڕۆژەکەى حکومەتدا هاتووە کە وەزارەتى بەرگرى ئەو ئەرکە بە هاوبەشى وەزارەتى دارایی جێبەجێ دەکات.
سوننە: دەستەى دادوەرى هەڵبوەشێننەوە
بەربەستێکى دیکە لە بەردەم ئەنجامنەدانى کۆبوونەوەى پەرلەمان، ئامادەنەبوونى زۆرینەى پەرلەمانتارە سوننەکانە، داواکاریى سەرەکییان هەڵوەشاندنەوەى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرییە.
ئەو دەستەیە ئەرکى پۆلێنکردنى ئەوانەیە لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس بەرپرسیارێتیى حیزبیى باڵایان هەبووە یان بەرپرسیارێتییان لە دەزگا ئەمنییەکان هەبووە.
ئەو داواکارییەى سوننەکان پشتى بە بەڵێنێکى محەممەد شیاع سوودانى بەستووە لە کارنامەى حکومەتەکەیدا کە لە کۆتایی تشرینى یەکەمى 2022 لە پەرلەمان دەنگى لەسەر درا.
لە کارنامەکەدا هاتووە، دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى لە 30 رۆژدا راپۆرتى کۆتایی خۆى لەبارەى ئەو کەسانە پێشکێش بکات کە رێوشوێنەکانى ئەو دەستەیە دەیانگرێتەوە، لە ئەندام فیرقە بەرەو سەرەوە کە لەسەر موڵک و ماڵى گشتى دەوڵەمەند بوون.
عەزام حەمدانی، سەرکردە لە هاوپەیمانیی عەزم کە یەکێکە لە لایەنە سوننەکان لە بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتى: "دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى بە تێڕوانینى زۆرێک لە عێراقییەکان بەتایبەت نێو ماڵى سوننە ئەوەیە کە ئەو دەستەیە رێگرى لە زۆرێک کردووە بەشداریى پرۆسەى سیاسى و هەڵبژاردن بکەن بە پاساو و بیانووى ئەوەى ئەندامى حیزبى بەعس بوون و سوننەکان زیاتر لێى زەرەمەند بوون".
دەستەکە پێشتر ناوى ریشەکێشکردنى بەعس بوو؛ شیعەکان نەیارى سەرەکى داخستنى ئەو دەستەیەن.
عەزام حەمدانی پاساوى بۆ داواى سوننەکان هێنایەوە بۆ داخستنى ئەو دەستەیە بەوەى "حیزبى بەعس ناوەڕۆکە راستەقینەکەى نەماوە و شتێک نەماوە بەناوى حیزبى بەعسەوە و ئەو کەسانەى سەر بەحیزبى بەعس بوون، ئێستا تەمەنیان زۆر بووە و هى ئەوە نین ترس لێیان هەبێت".
بەگوێرەى ئامارێکى دەستەى لێپرسینەوە و دادوەرى کە دەست رووداو کەوتووە، لە 1.8 ملیۆن کەس لە عێراق کە بە تۆمەتی بەعسیبوون لە دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، دۆسیەی 878 هەزار کەسیان هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە کە دەکاتە 47٪ـی کۆی دۆسیەکان.
194 هەزار و 778 کەس لە ئەندام و بەرپرسانى حیزبى بەعس گەڕێندراونەتەوە بۆ سەر کار یان خانەنشینکراون، دواى ئەوەى وردبینى لە دۆسیەکانیان کراوە.