ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە مووچەی فەرمانبەران پێکدەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەیەکى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێداچوونەوە بە سیستمى مووچەى فەرمانبەراندا دەکات بە مەبەستى زیادکردنى، رێژەى زیادکردنەکەش لەنێوان 10% تاوەکو 150% لە مووچەى بنەڕەتی دەبێت.
رۆژی 16ى ئادارى 2023 موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لیژنەیەکى ئەمیندارى گشتیى ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق پێداچوونەوە بە سیستمى مووچەدا دەکات، بە مەبەستى زیادکردنى."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "زیادکردنەکە سەرجەم پلەکان دەگرێتەوە و کەمترینیان، کە پلەى دەیەمە، بەگوێرەى گۆڕانکارییەکە، مووچە بنەڕەتییەکەى لە 175 هەزار دینارەوە زیاد دەبێت بۆ 425 هەزار دینار، ئەوەش بە زیادکردنى بە رێژەى 150%."
بەگوێرەى ئەو خشتە پێشنیاز کراوەى لەبەردەم لیژنەکەى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیراندایە، رێژەى زیادکردنى مووچەى بنەڕەتیى فەرمانبەران لە پلە 10 بۆ پلە یەک دەگرێتەوە، کە لە 150%ى زیادکردنى مووچەى بنەڕەتى دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 10%ى زیادکردنى مووچەکە، کە پلە یەکە.
لەدواى تەواوکردنى پێشنیازەکان، دەبێت لە ئەنجوومەنى وەزیران دەنگى لەسەر بدرێت، بە گوتەی موعین کازمى "پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023 لەسەر بنەماى خشتەى مووچەى ئێستا داڕێژراوە، بۆیە ئەگەر ئەو سیستمە نوێیە جێبەجێ بکرێت، دەبێت پارەى تەرخانکراوى زیادە هەبێت بۆ ئەوەى لە ساڵى 2023 جێبەجێ بکرێت."
زیاتر لە سێ ملیۆن فەرمانبەر لە عێراق هەن، لەدواى ئەوەى لە ماوەى سێ مانگى رابردوودا زیاتر لە 500 هەزار فەرمانبەرى دیکە دامەزرێندران یان لە گرێبەستى کاتییەوە کرانە فەرمانبەرى هەمیشەیی.
لە پڕۆژەیاساى بودجەى گشتیى 2023ی عێراق کە بۆ ماوەى سێ ساڵە، نزیکەى 65 تریلیۆن دینارى بۆ مووچەى فەرمانبەران تەرخان کراوە.