لەبارەی 'تیمەکانی مەرگ'ی گرووپە چەکدارەکانەوە داوای لێکۆڵینەوە لە مستەفا کازمی دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی "تیمەکانی مەرگ"ەوە کە لە دوایین چاوپێکەوتنی رۆژنامەڤانیدا مستەفا کازمی باسیان دەکات و دەڵێت، "دزەیان کردووەتە نێو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی دەوڵەت و چالاکڤانان دەکوژن،" داوایەک ئاراستەی داواکاری گشتی دەکات و دەڵێت، "لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنن لەبارەی تیرۆرکردنی چالاکڤانان و تۆقاندنیان لەلایەن ئەو تیمانەوە."
 
بەپێی نووسراوێک کە لەلایەن فاتیمە عیساوی، ئەندامی سەربەخۆی پەرلەمانی عێراقەوە لەبارەی لێدوانەکانی مستەفا کازمی لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی سعودیەوە دەرچووە، رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە بە فەرمی داوایەکی ئاراستەی فەرمانگەی داواکاری گشتی کردووە بۆئەوەی لێکۆڵینەوە لە کازمی بکرێت.
 
لە نووسراوەکەدا هاتووە، "رۆژی 12-03-2023 مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دەڵێت: تیمەکانی مەرگ دزەیان کردووەتە نێو دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و بوونیان لە دەزگایەکی دیاریکراو دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی تیرۆرکردنی چالاکڤانان و تۆقاندنی بەرنامەی بۆ داڕێژراو بۆیان."
 
هەر لەو نووسراوەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "بفەرموون بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەگەڵ مستەفا کازمی، چونکە لەو ماوەیەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە."
 
لەو چاوپێکەوتنەیدا کازمی باسی خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2019 دەکات کە 600 گەنجی تێدا کوژرا و 3500 کەسیش کەمئەندام [نیڤشکان] بوون و 24 هەزار کەسیش برینداری سووک بوون، باسی "تیمەکانی مەرگ" دەکات لەنێو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و دەڵێت، "بوونیان لەنێو دەزگایەکی دیاریکراو دەقۆستەوە بۆئەوەی کاری کوشتنی چالاکوانان و تۆقاندنیان بکەن، دەستگیر کران و دانیان بە تاوانی گەورەدا ناوە، هەروەها چەندین چالاکوان و رۆژنامەنووسی دیکە کوژراون و ئەوەشی هیشام هاشمی کوشت ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوو، لەگەڵ یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان کاری دەکرد."
 
خۆپێشاندانەکانی تشرینی 2019 بوونە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و دیاریکردنی مستەفا کازمی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.