سەرۆکی بانکی ناوەندی بڕی پارەی عێراقی ئاشكراكرد
رووداو - سلێمانی
سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق پێیوایە بەکارهێنانی مایەپووچبوون بۆ دۆخی ئابووریی ئێستای عێراق گونجاو نییە. ئاشكراشیكرد، لە ئەژماری وەزارەتەكانی عێراق 30 ملیار دۆلار هەیە.
عەلی عەلاق، سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراقی، لەکاتی بەشداریکردنی لە پانێلێک لە دووەم رۆژی دیداری سلێمانی رایگەیاند "بەکارهێنانی دەستەواژەی مایەپووچبوون بۆ ئابووریی ئێستای عێراق گونجاو نییە، بەڵام شوێنکەوتنی سیاسەتی هەڵە ئەگەری رێگەخۆشکردنی هەیە بۆ مایەپووچی سیاسی و پێویستە لەسەرمان پەندی لێوەربگرین و جارێکی دیکە ئەو هەڵانە دووبارە نەکەینەوە".
عەلی عەلاق دەڵێت "ئامادەکردنی بودجە لەسەر دراوی بیانی، بەپێی پەیوەستبوون بە هەندێک بنەما جیهانییەکانەوە دەبێت، هەژموونی دارایی هەژموونی سیاسی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا و کاری کردە سەر بانکی ناوەندی".
سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراقی روونیدەکاتەوە، حکومەتی عێراقی "لەسەرەتای ئەمساڵەوە 7 ترلیۆن دیناری خەرجکردووە، لەو 7 ترلیۆنە، 4 ترلیۆنی بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران بووە".
عەلی عەلاق، دەشڵێت "رێژەیەکی زۆر لە خەرجییەکانی حکومەت، لە سەرچاوە دەرەکییەکانەوە دێت و ئەمەش پێویستە چارەسەر بکرێت و پێویست دەکات بانکی ناوەندی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە ئاستێکی دیاریکراودا بهێڵێتەوە".
بەگوتەی سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراقی "کێشە هەیە، بەڵام توانای دارایی عێراق باشە و توانای ئەوەمان هەیە مووچەی فەرمانبەران دابین بکەین". دەشڵێت "30 ملیار دۆلارمان لە ئەژمارە جیاجیاکانی وەزارەتەکانی عێراق هەیە".
عەلاق پێداگری لەسەر ئەوەکرد "بۆ ئاسانکردنی پرۆسەی چاودێریکردن، پێویستە ئەژمارەی سەرجەم وەزارەتەکان یەکبخرێن" و بە باوەڕیشەوە گوتی "عێراق لە چەند مانگی داهاتوو پاڵپشتییەکی گەورەی دارایی بەدەستدەهێنێت".