عێراق

چاوەڕوان دەکرێت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەغدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەربگرێت.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، سبەی شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگاتە هەرێمی کوردستان و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 17-02-2025، گوتی: "سبەی شاندێک لە وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی وەرگرتنی نەوت لە هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنی".
بەگوتەی وەزیری نەوتی عێراق: "پرۆسەی هەناردەکردن لە ماوەی هەفتەیەکدا دەستپێدەکاتەوە. بەغدا رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت".
وەزیری نەوتی عێراق لە کاتی کردنەوەی دیداری پیاوانی کاری عێراقی - بەریتانی لە بەغدا ئەو ئەو زانیاریانەی بە رۆژنامەڤانان دا.
رۆژی یەکشەممە 16-02-2025، لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمریکی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، ئەو بەنیازە لە چەند رۆژی داهاتوو بابەتی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە هەولێر گەنگەشە بکات. دەکرێت ئەمە ببێتە نەخشەڕێگەی کردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت، هەرچەندە گوتیشی، دانوستاندنی زیاتر لەگەڵ بەغدا دەبنە دیارخەری ئەوەی چەند نەوت بۆ بەکاربردنی نێوخۆ دەستنیشان دەکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا لە لای ئێمەوە هەموو شتێک ئامادەیە بۆ ئەوەی نەوتی خۆمان هەناردە بکەین. ئێمە پێشبینی دەکەین کۆتایی مانگی ئادار هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق هەفتەی پێشوو بە هەمان ئاژانسی گوت، عێراق کار لەسەر نەهێشتنی کێشە تەکنیکییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بۆرییەکان دەست بە هەناردەکردن بکەنەوە.
25ـی ئاداری 2023، هەناردەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا بۆ بەندەری جەیهان وەستا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگەیەکی نێوبژیوانی لە پاریس رایگەیاند، تورکیا بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ رەزامەندی حکومەتی فیدراڵیی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێل کردووە.
ئێستا دەستپێکردنەوەی نەوت کێشەیەکی دیکە بۆ عێراق دروستدەکات، ئەویش وڵاتەکە پابەندکراوە بەوەی بەگوێرەی مەرجەکانی ئۆپێک نەوت دەربهێنێت و رێژەکەشی کەم بکاتەوە.
لە کۆتاییەکانی مانگی 12ـی پار، مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) بە رووداوی راگەیاند، زیانی وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆریی عێراق - تورکیا گەیشتووەتە "23 تاوەکو 24 ملیار دۆلار".
گەورەترین کێشەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، کرێی دەرهێنان و گواستنەوە بوو. رۆژی 2ـی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی پەسند کرد، بەمەش کرێی دەرهێنان و گواستنەوەیان بۆ بەرمیلێک نەوتی هەرێمی کوردستان لە 6 دۆلارەوە کردە 16 دۆلار. ئەوەش بۆ ماوەی 60 رۆژە و لیژنەیەک چاودێریی دەکات، پاشان بڕیاری کۆتایی لەبارەوە دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ