گوتەبێژى حکومەتى عێراق بۆ رووداو: وادەى کشانەوەى هاوپەیمانان نەگۆڕاوە

17-02-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی عراقى رایگەیاند، رێککەوتنى عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش لەبارەى وادەى کشانەوەى ئەو هاوپەیمانیێتییە "تاوەکو ئێستا" نەگۆڕاوە.
 
مانگى ئەیلوولى 2024، عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژی داعش لە عێراق، بەگوێرەى میدیاى فەرمیی عێراق ئەو کشانەوەیە نابێت لە مانگى ئەیلوولى 2025 تێپەڕێت.
 
باسم عەوادى، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 17-2-2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو وادانەى لەنێوان عێراق و هاوپەیمانان رێککەوتنیان لەبارەوە کراوە، لە رێگەى لیژنەى باڵاى سەربازیى نێوانیان کارایە و تاوەکو ئێستا گۆڕانکاریى تێدا نەکراوە." 
 
بەگوێرەى میدیای فەرمیى عێراق، لە قۆناخى دواى کۆتاییهاتنى ئەرکى سەربازیى هاوپەیمانان لە عێراق دا، پەیوەندییەکە لەنێوان بەغدا و وڵاتانى هاوپەیمانیێتیی نێودەوڵەتی دا بۆ پەیوەندیی دووقۆڵى بۆ هاوکاریکردنى هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەگۆڕدرێت. 
 
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى دژی داعش لە ساڵى 2014 پێکهێنرا، کە لەسەر داواى عێراق بۆ شەڕکردن لە دژى رێکخراوەکە هاتە عێراق، ئەوکاتەی داعش سێیەکى خاکى عێراقى بەدەستەوەبوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە