رووداو دیجیتاڵ
لە21 کارواندا، زیاتر لە سێ هەزار خێزان و کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلی رۆژئاواى کوردستانەوە گەڕێنراوەنەتەوە عێراق. هێشتا زیاتر لە 3400 خێزانى دیکە ماون بگەڕێندرێنەوە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 17ـی شوباتى 2025) عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند ''تاوەکو ئێستا 21 کاروانى کەسوکارى چەکدارانى داعش لە کەمپى هۆلەوە گەڕێنراونەتەوە، کە سێ هەزار و 62 خێزانى عێراق بوون و ژمارەى ئەندامەکانیان زیاتر لە 12 هەزار و 500 کەس بووە."
کەمپى هۆل لە شارى حەسەکەى رۆژئاواى کوردستانە، هێزەکانى سووریاى دیموکرات (هەسەدە) سەرپەرشتىی دەکات.
دواى گەڕاندنەوەیان، ئەو کەسانە دەبرێنە کەمپى جەدعە لە شارى موسڵ بۆ ئەوەى شیاندنەوەیان بۆ بکرێت، بەر لەوەى بگەڕێنەوە بۆ زێدى خۆیان لە پارێزگەکانى عێراق.
عەلى جەهانگیر ئاماژەى بەوە دا، زیاتر لە سێ هەزار و 400 خێزانى دیکەى عێراقى کەسوکارى داعش لە کەمپی هۆل دا ماون و نەگەڕێنراونەتەوە، کە نزیکەى 15 هەزار کەس دەبن.
بەر لە گەڕاندنەوەى هەر خێزانێک لە کەمپى هۆل، وردبینى ئەمنییان لەلایەن دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکانى عێراقەوە بۆ دەکرێت و، لە سنوورى عێراق رادەستى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دەکرێن.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند؛ پشکنینى (DNA) بۆ سەرجەم ئەندامانى ئەو خێزانانە دەکرێت بەرلەوەى بگەڕێنرێنەوە، ئەگەر منداڵێک دایک یان باوکى عێراقى نەبێت، نایگەڕێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ