رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، پڕۆژەیاساى دەستەى حەشدی شەعبیی بە گۆڕانکارییەوە پەسند کرد و رەوانەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت. ئیمتیازاتى مووچە و خانەنشینى و دەسەڵاتى مانەوەى بەرپرسان لە پۆستەکانیان، دیارترين ئەو گۆڕانکارییانەن کە تێیدا کراوە.
لیژنەکە دوێنێ (یەکشەممە، 16ـی شوباتى 2025) کۆبووەتەوە. سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "پڕۆژەیاساکە لە لیژنەکەمان پەسندکرا و بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان نێردرا بۆ ئەوەى دەنگى لەسەر بدرێت."
پڕۆژەیاسای دەستەى حەشدی شەعبی لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەم و دووەمى بۆ کراوە، بەڵام بەهۆى ناکۆکى لەسەری، رەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران کرا و چەند گۆڕانکاییەکى تێدا کرا، پاشان گەڕێنرایەوە پەرلەمان.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، گرنگترین ئەو گۆڕانکارییانەى تێیدا کراوە ئەوەیە؛ مووچە و ئیمتیازاتیان لە رووى خانەنشینى و سەرەمووچە، هاوتای وەزارەتى بەرگرى بکرێت و بە گوێرەى یاساى خانەنشینى سەربازی کارمەندانیان خانەنشنین بکرێن.
یەکێک لە گۆڕانکارییەکانى دیکە درێژکردنەوەى ماوەى خزمەتى بەرپرسانى دەستەکەیە (لە دواى گەیشتنیان بە تەمەنى خانەنشینى) کە لە دەسەڵاتى سەرۆکوەزیراندا بێت نەوەک سەرۆکى دەستەکە.
سەگڤان سندى گوتى، "ئەگەر هەیە لەکاتى دەنگدان، گۆڕانکاریى دیکە لە پڕۆژەیاساکەدا بکرێت."
پڕۆژەیاساکە بە ناوى "خزمەت و خانەنشینیی موجاهیدەکانی دەستەى حەشدی شەعبی"ـیە و چەکدارانى حەشدی شەعبیی بەگوێرەى پلە و ئەرکەکانیان بە 'خۆبەخش، موجاهید و سەرباز' ناوبردووە.
یەکەمجارە ئەو دەستەیە بەگوێرەى یاسا رێکبخرێت.
ئەو کەسەى داواکاریى وەرگرتن پێشکێشی حەشدی شەعبی دەکات، دەبێت تەمەنى لە 18 ساڵ کەمتر و لە 30 ساڵ زیاتر نەبێت، لانیکەم بڕوانامەى سەرەتایی هەبێت، بەڵام ئەو کەسانە لە مەرجى تەمەن و بڕوانامە دەبەخشرێن، کە بەر لە دەرچوونى یاساکە، لە حەشدی شەعبیدا بوون.
یەکێک لەو پلانانەی لە پڕۆژەیاساکە دانراوە بە ناوى "پەیامدەر"ـە، کە دەبێت بڕوانامەى زانستی شەرعی، یان ئایینى یان هاوشێوەکانى هەبێت.
بەگوێرەى خشتەى بودجەی 2024ـی عێراق، دەستەى حەشدی شەعبی زیاتر لە 238 هەزار ئەندامی هەیە.
بەگوێرەى پڕۆژە یاساکە، هەر کارمەندێکى حەشدی شەعبی لە شەڕدا بکوژرێت، مووچەى دوو ساڵى تەواو دەدرێتە میراتگرەکەی، ئیمتیازاتەکانى ئەو یاسایە بەسەر ئەو کەسانەشدا جێبەجێ دەبێت، کە بەر لە دەرکردنى یاساکە، بریندار یان نیڤشکان بوون و خانەنشینکراون.
تێکڕاى بودجەى دەستەى حەشدی شەعبی لە خشتەى بودجەى 2024، دەگاتە زیاتر لە 4.3 تریلیۆن دینار.
حەشدى شەعبی لە 16ـی حوزەیرانى 2014 و لەسەر داواى مەرجەعى شیعە بۆ رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش دامەزرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ