بۆ پازدەیەمین دانیشتنی دادگەی فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن سێ سیناریۆ هەن

17-02-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن دادگەی باڵای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سێ سیناریۆ بۆ بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەبارەى سکاڵاکانى دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەن، کە جگە لە رەتکردنەوە، ئەگەر هەیە پێنج ماددە یان دوو مادەى تانەلێدراو بە نادەستوورى بزانێت.
 
ئەو پارێزەرەى لە دانیشتەکانى دادگە بۆ ئەو سکاڵایانە ئامادەبووە، پێشبینی دەکات مادەکانى نۆ و 36ـى یاسای هەڵبژاردن بە نادەستوورى بناسێندرێن، کە یەکێک لە دەرهایشتەکانى ئەوەیە؛ لیستی خاوەنى یەک کورسی و دوو کورسی لە پەرلەمان نەمێنن.
 
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لە 18ـى شوبات، پازدەیەمین دانیشتن لەبارەى سکاى سەر پێنج مادەى یاساى هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
 
ئەو یاسایە بەر لە 32 ساڵ و لە ساڵی 1992 لەلایەن سەرکردایەتیى سیاسی بەرەى کوردستانى دەرکرا، دواتر وەک یاسایەکى پەسندکراو لە پەرلمان هەژمار کرا؛ تائێستا حەوت جار هەموار کراوە.
 
تانەکان لە پێنج مادەى یاساکە دراون، مادەى یەکەم کە ئاماژە بەوە دەکات پەرلەمان لە 111 کورسی پێکدێت، مادەى نۆ باس لەوە دەکات هەرێمى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان یەک بازنەیە، مادەى 15 تایبەتە بە تۆمارى دەنگدەران، مادەى 22 تایبەتە بە لیستى بەربژێران و مادەى 36 تایبەتە بە کورسیی کۆتاکان.
 
شەرمین خدر بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیی کاروبارى یاسایى پەرلەمانى کوردستان لەکاتی بەشداریکردنى لە پۆدکاستى رووداوى عێراق گوتی "پێناچێت سکاڵاکە لەلایەن دادگەى باڵاى فیدراڵییەوە رەتبکرێتەوە، ئەگەر وابووایە، دەبوو لە دانیشتنی یەکەم و دووەمى دادگە رەتکرابووایەوە."
 
شەرمین خدر کە لە دانیشتنەکانى دادگەى فیدراڵى بۆ ئەو سکاڵایانە نوێنەرى پەرلەمانى کوردستان بووە، پێشبینی دەکات؛ ئەگەر دادگەى فیدراڵى ئەو سکاڵایانە وەربگرێت، مادەى نۆ و 36 بە نادەستوورى بزانێت، بەو پێیەى "دادگە سەرنجی خستووەتەسەر ئەو دوو مادەیە."
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە. دادگەکە هەردوو سکاڵاى لەسەر هەمان بابەت یەکخستووە و کردوونەتییە یەک سکاڵا.
 
شەرمین خدر بەهجەت رایگەیاند ئەگەر تانەى سەر مادەى 22 پەسند بکرێت، یەکێک لە دەرهاویشتەکانى ئەوەیە؛ هەندێک لە پێکهاتەکان دەبێت لیستیان هەبێت لەبرى کۆتا بە هاوشێوەى لیستەکانى دیکە و ئەگەر ماددەى 36 هەڵبووەشێندرێتەوە، ئەو هێزانەش کە 7٪ـى  دەنگەکان بەدەستنەهێنن، ناتوانن بچنە پەرلەمان و "لیستى خاوەنى یەک کورسی و دوو کورسی نامێنن."
 
یەکەم دانیشتنى دادگەى فیدراڵى عێراق لەسەر ئەو سکاڵایانە لە شەشى ئابى 2023 دەستیپێکرد. ئێستا کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق چاوەڕێى دوا بڕیارى دادگەیە لەسەر ئەو سکاڵایە بۆ ئەوەى بڕیار لە رێوشوێنەکانى بدات بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، کە دەبوو ساڵى 2022 بکرایە.  
 
تەمەنى ئەو کۆمیسیۆنە کە لە حەوتی تەمووز تەواو دەبێت، پێشنیازى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە لەنێوان 19 بۆ 30ـى ئایار وادەى هەڵبژاردن دیاریبکەن ئەگەرنا فریاناکەون.

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە