لوبنان هەناردەکردنى پیازى بۆ عێراق راگرت

17-02-2023
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

لوبنان هەناردەکردنى پیازى بۆ عێراق راگرت، ئەویش بەهۆى کەمبوونەوەى بەرهەم و بەرزبوونەوەى نرخەکەى لەنێو خۆى ئەو وڵاتەدا. ئەو هەنگاوە بە گوتەى ئەندامێکى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق، پێچەوانەى رێککەوتنى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان هەردوو وڵاتە. 
 
زۆزان هاجانى، ئەندامى لیژنەى کشتوکاڵى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "حکومەتى لوبنان بڕیاری داوە هەناردەکردنى پیاز بۆ عێراق رابگرێت، ئەوەش پێچەوانەى رێککەوتنى ئاڵوگۆڕى بازرگانیى نێوان هەردوو وڵاتە." 
 
لە ساڵى 2021 عێراق و لوبنان رێکكەوتنێکی ئاڵوگۆڕى بازرگانیيان واژۆکرد، بەگوێرەى رێککەوتنەکە عێراق سووتەمەنى هەناردەى لوبنان دەکات بەمەبەستى بەکارهێنانى لە وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، لەبەرامبەردا عێراق بەرووبومى کشتوکاڵى لە لوبنانەوە هاوردە دەکات.
 
زۆزان هاجانى گوتى: "بۆ کورتمەودا ئەو بڕیارەى لوبنان کاریگەرى لەسەر نرخى پیاز دەبێت لە بازاڕە نێوخۆییەکانى عێراق، بەڵام بۆ دوورمەودا سوودى بۆ جووتیاران دەبێت کە بەردەوام داوا دەکەن رێگرى لە هاوردەکردنى ئەو بەروبوومانە بکرێت کە لەنێوخۆى عێراقدا بەرهەم دەهێندرێن بۆ پاڵپشتیکردنى بەرهەمى نێوخۆیی." 
 
بەهۆى ئەو بڕیارەى لوبنان نرخى یەک کیلۆ پیاز لە عێراق لە هەزار و 250 دینارەوە بۆ سەرووی 1500 دینار بەرزبووەوە.
 
رۆژی 16ى شوباتى 2023، عەباس حاج حەسەن، وەزیرى کشتوکاڵى لوبنان لە پەراوێزى ۆرکشۆپێکى رێکخراوى بانکى نێودەوڵەتى لە بەیروتى پایتەختى وڵاتەکەى گوتى: "نرخى یەک کیلۆ پیاز بۆ 70 لیرە بەرزبووەتەوە، ناڕەزاییەتەکان زۆر بوون بەهۆى هەناردەکردنى بڕێکى زۆرى پیاز بۆ عێراق، لیبیا و وڵاتێکى دیکە و نرخى پیاز لە هەموو جیهاندا بەرزبووەتەوە، بۆیە بڕیار دەدەین بە رێگرى لە هەناردەکردنى."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە