شێوازی پەسندکردنی پرۆژەیاسای دادگای فیدراڵی و هەموارەکەی ناکۆکی لەسەرە

17-02-2021
ئاسۆ فیشەگی
نیشانەکردن دادگای فیدراڵی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ پەسندکردنی پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یان پەسندکردنی هەمواری یاسای دادگاکە بە دەنگی زۆرینە (50+1)ی ئەندامانی پەرلەمان نادەستوورییە.
 
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا هیچ پێشکەوتنێک لە بابەتی پەسندکردنی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، یان پەسندکردنی پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگاکە بەدینەهاتووە.
 
رێبوار هادی هۆکاری پەسندنەکردنی یاساکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە تائێستا یەکلاییکردنەوەی یاسای دادگای فیدراڵی کێشەی لەسەرە و لایەنەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، جیا لەوە پەرلەمان لەو ماوەیە سەرقاڵی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ە.
 
بە گوتەی رێبوار هادی ناکۆکییەکان لەبارەی پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی عێراق زۆرن، لە پرۆژەیاسای هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی، تەنیا ماددەی 3ـی دادگاکە هەمواردەکرێت، کە تایبەتە بە چۆنێتی دەستنیشانکردنی ئەندامانی دادگای فیدراڵی، چونکە لایەنەکان ناکۆکن، بەشێکیان دەڵێن دەبێ هەموو ئەندامانی دادگای فیدراڵ بگۆڕدرێن، بەشێکی دیکەشیان دەڵێن دەبێ تەنیا شوێنی ئەندامە خانەنشینکراو و کۆچکردووەکان لە دادگاکە پڕبکرێنەوە.
 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە 9 ئەندام پێکهاتووە، 3 شیعە، 2 کورد، 2 سوننە و تورکمانێک و کریستیانێک، بەڵام تائێستا دوو ئەندامی دادگاکە خانەنشینکراون، بۆیە دادگاکە ناتوانێت کۆببێتەوە و بڕیار بدات، چونکە بەپێی یاسای دادگاکە، دادگای فیدراڵ دەبێ بە ئامادەبوون و بەشداربوونی سەرۆک و هەموو ئەندامانی کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
 
لەسەر شێوازی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای نوێی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق  و هەمواری یاسای دادگاکە بۆچوونی جیاواز هەن، یەکەمیان پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانیە، دووەمیان دەڵێت تەنیا دەنگی زۆرینەی 50 کۆ 1ـی ئەندامانی پەرلەمان پێویستە، واتا زۆرینەی ئاسایی.
 
بەڵام رێبوار هادی دەڵێت: "پەسندکردنی هەردوو پرۆژەکە پێویستی بە دەنگی 220 ئەندامی پەرلەمان هەیە، چونکە یاسای دادگای فیدراڵ ژمارە 30ـی ساڵی 2005 پێش دەستوور دەرچووە، بەڵام کە دەستوور پەسندکرا لە ماددەکانی 92 و 93 و 94ـی دەستووردا باسی شێوازی کارکردنی دادگای فیدراڵ کرا، لەو ماددانە دەستوور دەڵێت دەبێ یاسای دادگای فیدراڵ بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسندبکرێت، بۆیە ئەگەر دەستوور بنەمایە بۆ دادگای فیدراڵ، ئەوا دەبوو لەو رۆژەی دەستوور پەسندکرا دادگای فیدراڵ هەڵبوەشێندرێتەوە و بەو شێوەیەی ئێستای بەردەوام نەبێت، کەچی بەردەوام بوو، ئەوەش بەڵگەیە کە یاسای ژمارە 30ـی بنەمایە بۆ دادگای فیدراڵ نەک دەستوور، چونکە ئەو یاسایە پێش دەستوور دەرکراوە، ماددەی 130ـی دەستووری فیدراڵیش دەڵێ ئەو یاسایانەی کە پێش پەسندکردنی ئەم دەستوورە دەرکراون کاریان پێدەکرێت تاوەکو هەڵدەوەشێندرێنەوە یان هەمواردەکرێن بەپێی ماددەکانی دەستوور، دەستووریش دەڵێ ماددەی 92 بنەمایە، ئەو ماددەش دەڵێ دەبێ یاسای دادگای فیدراڵ بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پەسندبکرێت".
 
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە 21/5/2019 دا، بەهۆی ناکۆکی لە نێوان میدحەت ئەلمەحموود، سەرۆکی دادگاکە و فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ماددەی 3ـی یاسای دادگای فیدراڵی هەڵوەشاندەوە، ئەو ماددەیەش تایبەتە بە شێوازی دەستنیشانکردنی ئەندامانی دادگاکە و دەڵێ ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دادوەران بەربژێر دەکات بۆ پۆستی سەرۆکی یان ئەندامی دادگای فیدراڵی، بۆیە لەگەڵ خانەنشینبوونی ئەندامێکی دادگاکە پێش زیاتر لە ساڵێک دادگای فیدراڵی تائێستا ناتوانێ کۆببێتەوە و بڕیار بدات.
 
بەپێی ماددەی 93ـی دەستووری عێراق، دادگای فیدراڵی 8 ئەرکی سەرەکی هەیە، کە دیارترینیان پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە، کە بڕیارە لە 10ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە