رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، چیدیکە لە عێراق پێویست نین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، عێراق دەیەوێت پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ واشنتن هەبێت.
رۆژی چوارشەممە، 17ی کانوونی دووەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی وۆڵستریت جۆرناڵی ئەمریکی، رایگەیاند، "ئێمە لەو بڕوایەداین پاساوەکان بۆ مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی هاتووە."
هەرچەندە سوودانی کاتی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانی لە عێراق دیاریی نەکرد، یان دەرگەی بەڕووی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دانەخست، ئەمەش لەچوارچێوەی راوێژکردن بە هێزەکانی عێراق.
لەو هەڤپەیڤینەدا، کە لە داڤۆس کردوویەتی، سوودانی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سیاسەتی گشتیی ئەمریکا لەپرسی جەنگی غەززە دەربڕی و رایگەیاند، رۆژئاوا چاوپۆشی لە دۆخی فەلەستینییەکان کردووە و داواشی کرد گوشاری زیاتر بخەنە سەر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتەنیاهوو بۆ کۆتایی هێنان بەو جەنگە.
لەگەڵ ئەوەی سوودانی سەرکۆنەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق لە نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا کرد، بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە کە هێرشەکەی مانگی رابردووی ئەمریکا بۆ سەر چەکدارانی حەشدی شەعبی"پێشێلکارییەکی روونی سەروەریی عێراق بووە."
هەروەها سوودانی رایگەیاند، ئەو چیدیکە خەمی کاریگەریی رۆیشتنی هێزەکانی هاوپەیمانی لەسەر توانا سەربازییەکانی سوپای ئەمریکای نییە و گوتی، "هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی، لەبەرئەوەی هێزێکی ئەمنیی بەتوانامان هەیە کە توانای کۆنترۆڵکردنی تەواوی ناوچەکانی عێراقی هەیە. ناوچە سنوورییەکان نێوان عێراق و سووریا لەژێر کۆنترۆڵی تەواو دایە."
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا هەن، ئەو هێزانە لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس زیاتر لە 120 جار بە مووشەک و درۆن لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراق نزیک لە ئێران کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن، هێرشیان کراوەتە سەر.
لەوبارەیەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، "ئێمە رێککەوتووین لەسەر راگرتنی سەرجەم هێرشەکان و ئەمەش ئامانجەکەمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ