وەزیری دەرەوەی عێراق و فینلاند باسی پرسی کۆچبەری دەکەن

17-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرى دەرەوەى عێراق و فیلاند باس لە پرسی کۆچبەری دەکەن، جەختیش لە گرنگیی سەقامگیریى ناوچەکە دەکەنەوە.
 
رۆژی 17ـی کانوونى دووەمى 2024، فوئاد حوسێن، وەزیرى دەرەوەى عێراق لە پەراوێزى کۆڕبەندى جیهانیى داڤۆس لەگەڵ ئیلینا ڤاڵتۆنین، وەزیرى دەرەوەى فیلاند کۆبووەوە.
 
بە گوێرەى راگەیێندراوى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە هاریکاریى هاوبەشی نێوانیان کردووە بەتایبەت لە پرسی کۆچبەریدا.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا وەزیرى دەرەوەى عێراق باسی لەو سکاڵایە کردووە، کە عێراق پێشکێشی ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کردووە لە دژى هێرشى مووشەکى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان.
 
رۆژی 16ـی كانوونى دووەمى 2024 وەزارەتى دەرەوەى عێراق سکاڵایەکى ئاراستەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووکان کرد لەبارەى ھێرشە مووشەکییەکەى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان، ئەو سکاڵایە لە دوو نامەی هاوناوەڕۆک بووە کە ئاراستەى ئەمیندارى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى کراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کە هەردوو وەزیرەکە گفتوگۆیان لە بارەى گرنگى سەقامگیرى ناوچەکە و کاریگەرییەکانى لەسەر ئاسایشى ناوخۆى عێراق کردووە.
 
لە کۆتایی دیدارەکەشیاندا وەزیری دەرەوەی عێراق، بانگهێشتنامەیەکی داوەتە هاوتاکەی، بۆ ئەوەی سەردانی عێراق بکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە