رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی نوێ دا، قۆناخی دووەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە چوار پارێزگا دەستپێدەکات، یەکێکیان لە هەرێمی کوردستانە.
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پلانی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک هەموو پارێزگاکان دەگرێتەوە، ئێستا لە پارێزگاری واست بەڕێودەچێت".
محەممەد حەنوون، ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا وەزارەتەکەیان، لە کۆی 330 هەزار خێزانی واست فۆرمی خۆراکی بۆ 180 هەزار خێزان نوێ کردووەتەوە.
ئەو سیستمەی بەشەخۆراکی مانگانەی پێ دابەش دەکرێت، لە ساڵی 1996ـەوە کاری پێدەکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق گوتی: "لە سەرەتای ساڵی نوێوە، قۆناخی دووەمی بە ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک لە چوار پارێزگا دەستپێدەکات، پارێزگایەکیان لە هەرێمی کوردستانە".
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
حەنوون جەختی لە گرنگی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک کردەوە و گوتی: "رێگە لە بەهەدەردان دەگرێت، سنوور بۆ کاریگەرییەکانی سەر هاووڵاتیان دادەنێت، کە سەردانی ناوەندەکانی فۆرمی خۆراک دەکەن".
لە دوای بڕیاری حکومەتی عێراق بۆ گۆڕینی فۆرمی خۆراک لە کاخەزەوە بۆ فۆرمی ئەلیکترۆنی، مامەڵەی زیادکردنی منداڵ بۆ لیستی خێزانەکان و ئەوانەی ژیانی هاوژینییان پێکهێناوە راگیراوە.
حەنوون گوتی: "لە داهاتوودا بۆ سەردانی هاووڵاتیان، وەزارەتی بازرگانی پشت بە مۆبایلی هاووڵاتیان دەبەستێت، سیستمی ئەلیکترۆنی بە جۆرێک دەبێت، هەموو رێکارەکان لە رێگەی مۆبایلەکەیەوە دەکرێت وەک: سڕینەوە، زیادکردن، گواستنەوەی فۆڕمی خۆراک، زانینی مادە خۆراکییەکان و وادەی گەیشتن بۆ بریکارەکانی دابەشکردنی خۆراک."
بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە؛ 3 کیلۆ برنج، 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک یان جۆرێکی دیکەی پاقلەمەنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ