رووداو دیجیتاڵ
سکاڵا لە رێگەى واتسئاپەوە، قەدەخەکردنى بازرگانی لەگەڵ حکومەت، گۆڕینى ناوى فەرماندە بۆ خزمەتکار و بەکارنەهێنانى چەک، زنجیرەیەک بڕیار بوون کە موقتەدا سەدر و فەرماندەکانى گرووپى سەرایا سەلام، لە یەک رۆژدا بۆ ئەو گرووپەیان بڵاوکردەوە.
سکاڵا بە واتسئاپ
یەکێک لە بڕیارەکان کە نووسینگەى موقتەدا سەدر، سەرۆکى رەوتى نیشتمانیى شیعە لە 15ـی کانوونى یەکەمى 2024 بڵاویکردووتەوە، تایبەتە بە سکاڵاى چەکدارانى ئەو گرووپە، بەپێی بڕیارەکە؛ دەتوانن لە کاژێر 10:00ـی بەیانى تاوەکو کاژێر 02:00ـی پاش نیوەڕۆ، لە رێگەى ژمارە تەلەفۆنێکەوە کە رەوتەکە دیاریی کردووە، پەیوەندى بکەن.
بۆ گەرەنتیکردنى پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و مافى سکاڵاکارەکە، دەبێت لە رێگەى تۆڕى واتسئاپ بکرێت و ئەو نامانەى دەنێردرێن، بەڵگەیان هاوپێچ بکرێت.
سەرایا سەلام، گرووپێکى چەکدارى سەر بە موقتەدا سەدرە، ساڵى 2014 بۆ شەڕ لە دژى داعش دامەزراوە.
ئەو نامانە تایبەت دەبن بە سکاڵاى ستەملێکراوان لە کارمەندانى ھێزەکە لەلایەن بەرپرسانیانەوە، ئەو شێوازی پەیوەندیکردنەش بەپێی بڕیارەکە لەمڕۆوە (16ـى کانوونى دووەمى 2024) دەستپێدەکات.
12 چەکدار پابەندى شەریعەت نەبوون
یەکێکى دیکە لە بڕیارەکان، تایبەتە بە دەرکردنى 12 چەکدارى سەرایا سەلام. سەرایا سەلام سێ لیواى لەنێو دەستەى حەشدی شەعبی هەیە و ژمارەى چەکدارانى نزیکەى 50 هەزار کەس دەبێت.
هۆکارى دەرکردنى ئەو 12 چەکدارە وەک لە نووسراوێکى نووسینگەى یاریدەدەرى جیهادى سەرایا سەلام هاتووە، ئەوەیە؛ ئەو کەسانە، کارێکیان کردووە پێچەوانەى شەریعەت و وڵات بووە و پابەند نەبوون بەسەرکردایەتیى هێزەکە.
بازرگانیی حکومى قەدەخەیە
چەند رێنماییەکى دیکەى موقتەدا سەدر بۆ گرووپى سەرایا سەلامە. رێنماییەکان رۆژی یەکشەممە 15ـی کانوونى یەکەم لەلایەن ساڵح محەممەد عێراقى کە بە وەزیرى سەدر ناسراوە بڵاوکرانەوە.
لە رێنماییەکاندا هاتووە؛ نابێت لە شارى سامەڕا چەک بەکاربهێندرێت یان ئاماژەى پێبدرێت تەنیا لە جەنگدا نەبێت. ناشبێت هاوکارى هیچ چەکدارێک بکرێت ئەگەر کێشەیەکى کۆمەڵایەتی یان کەسیى هەبێت.
زۆرترین هێزەکانى سەرایا سەلام ئەرکیان لە سنوورى قەزاى سامەڕایە لە پارێزگاى سەلاحەدین کە هەردوو مەزارى عەسکەرى شیعەکانى لێیە.
لە یەکێک لە رێنماییەکان دیکە دا هاتووە هەر چەکدارێکى سەرایا سەلام رووی چەکەکەی بکاتە هەر لایەنێکى عێراقى کە تۆمەتبار نەبێت بە تیرۆر، پێویستە دەستبەجێ رادەستى لایەنە ئەمنییەکان بکرێت.
موقتەدا سەدر، فەرمانی داوە بە هێزەکە، نابێت چەکدارەکانیان مامەڵەى بازرگانیی حکومى بکەن، بەڵام ئەگەر کارەکە حکومى نەبوو دەتوانێت بیکات، بەو مەرجەى بەڵێننامە پڕبکاتە بەوەى کارەکەى لە دەرەوەى پێکهاتەى سەربازیى سەرایا سەلامە.
موقتەدا سەدر، فەرمانى بە ئەبو مستەفا حەمیداوى، بەرپرسی گشتیی سەرایا سەلام کردووە؛ ئەو فەرماندانە دووربخاتەوە کە هەست دەکرێت "لووتبەرزن یان دونیاویستن، یان گومان لەسەریان هەیە بەوەی پاڵپشتیی دەرەکى و ناوخۆیی وەردەگرن، یانیش لە نێو ئەو گرووپانەدان کە ئاست نزم و زیانبەخشن."
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکە؛ گۆڕینى ناونیشانى فەرماندەیە لە نێو سەرایا سەلام بۆ خزمەتکار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ