رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ کردنەوەی ناوەندەکانی دەنگدان لە مەدینە سەدری بەغدا کە هەر لەسەرەتاوە دروشمی بایکۆتیان بەرزکردووەتەوە، نارنجۆکێکی دەنگی تەقییەوە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رووداوی گوت، بابەتەکە ئاساییە و لیکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە و ئەمە نەبووەتە هۆی راگرتنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، "ئەم بابەتە لە لێکۆڵینەوەدایە، رووداواێکی ئاساییە، هیچ کاریگەرییەکی نییە و هیچ کێشەیەکیش دروست ناکات، بابەتەکە گەورە کراوە، ئەمڕۆ بەیانیش رووداوێک روویدا، لە بنکەی علویە، رووداوەکە گوزارشتبوو لە دەمەقاڵێ نەوەک دەستدرێژی کردنەوە سەر بنکەی پۆلیس و هێرشکردن، ئەمە رەتدەکەینەوە تەنها دەمەقاڵێیەک بووە، ئەوانەی تێوەگلاون سەرجەمیان دەستگیرکران کە ژمارەیان 11 کەس بوو."
لە بەغدا بە هەردوو بەشی کەرخ و رەسافە 309 هەزار و 119 کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، بە گوتەی کۆمیسیۆن، رێژەی بەشداریکردن نزیکەی 63٪ بووە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی عێراق لەکاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە و هیچ پێشێلکارییەک نەکراوە، هیچ گرفتێکیش رووینەداوە، لەگەڵ لیژنەی باڵای ئەمنی بۆ هەڵبژاردن کاردەکەین و پەیوەندیمان لەگەڵیاندا هەیە."
لەم هەڵبژاردنە قەدەخەی هاتووچۆ رانەگەیێندرا، و بردنەژوورەوەی چەک و مۆبایل قەدەخەبوو، بەڵام بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان ڤیدیۆی خۆیان لەکاتی دەنگدان بڵاوکردەوە کە دەنگەکانیان دەسووتێنن.
عەمید عەباس محەممەد یەکێک بوو لە دەنگدەران و بە رووداوی گوت: "کەشەکە زۆر باشە، لە بەیانی ئەمڕۆوە کارمەندان و ئەفسەران دەنگدەدەن، کەشێکی خۆش و دیموکراسییە و ئاسایش بەرقەرارە."
سەجاد عەبدولکەریم، دەنگدەرێکی دیکەیە و دەڵێت، "من خەڵکی پارێزگای بەسرەم، لە پۆلیسی ناوەندی بەشی شەهیدان و برینداران دەوام دەکەم، بەدوایاندا ناردین بێین بۆ دەنگدان و بۆ هەڵبژاردن ئامادەبووین."
لەدەنگدانی تایبەت یەک ملیۆن و دوو هەزار 393 دەنگدەر لەسەر ئاستی عێراق مافی دەنگدانیان هەبوو، لەنێویاندا 48 هەزار و 260 ئاوارە هەن.
هەر ژوورێکی دەنگدان دوو کامێرای چاودێریی لێداندراون، ئەو کامێرایانە جگە لە وێنە، دەنگیش دەگوازنەوە بۆ ناوەندی کۆمیسیۆن، ئەمەش بۆ ئەوەیە هیچ کەسێک نەتوانێت گوشار بخاتە سەر دەنگدەر بۆ ئەوەی دەنگ بە کەسێکی دیاریکراو یان لایەنێکی دیاریکراو بدات. کۆی گشتیی عێراق 112 هەزار کامێرای لێداندراوە بۆئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ