رووداو دیجیتاڵ
لە کەشوهەوایێکی سارد، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگای نەینەوا بە گەرمی بەڕێوەچوو و بەبێ تۆمارکردنی هیچ پێشێلکارییەک، کۆتاییهات.
وەدیع شەمەری، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانە و ماوەی 10 ساڵە چاوەڕوانە بۆ ئەوەی دەنگ بدات بەو بەربژێرەی متمانەی پێی هەیە، بەربژێرێک کە بەبڕوای ئەو، هەوڵدەدات داخوازییەکانی ئەو و خەڵکەکە بهێنێتەدی.
وەدیع شەمەری، کە سەربازی سوپایە و دانیشتووی موسڵە، گوتی "داوا لە بەربژێرانی نوێ دەکەین، خزمەتگوزاری پێشکەش بکەن. کەسانی شیاو بۆ شوێنی شیاو هەڵبژێرن. سەرەتا ئومێدمان بە خودایە و دواتر بەو بەربژێرانەی هەڵیاندەبژێرین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی هاووڵاتییان."
سەید عەلی، پۆلیسی فیدراڵییە و دانیشتووی دیوانییەیە دەڵێ "داواکارم (بەربژێرەکان) بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن و لە هەمووش گرنگتر دەستپاکییە، هەڵەی ئەوانەی پێشوو دووبارە نەکەنەوە، ئەگەرنا هەڵبژاردن ناوبژیوانە لەنێوان ئێمە و ئەواندا، لە هەمووشی گرنگتر؛ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە."
تاوەکو کاژێر 05:00ـی ئێوارە، رێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی تایبەت لە پارێزگای نەینەوا 70٪ـی تێپەڕاند و هیچ سکاڵایێکیش لەلایەن چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان تۆمارنەکرا.
سوفیان مەشهەدانی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی نووسینگەی نەینەوا بە رووداوی گوت "لەدەنگدانی تایبەتدا دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، بەدەست سندووقەکان دەبرێنە کۆگەکان، دواتر چاوەڕوانی دەنگدانی گشتی دەکەین، کاتێک ئەویش تەواوبوو، دواتر بەشێک لە ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی دوای 24 کاژێر رادەگەیێنین."
پارێزگای نەینەوا بۆ دەنگدانی تایبەت نزیکەی 100 هەزار دەنگدەری هەیە، کە بەسەر 49 بنکە و 234 وێستگە دابەشبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ