لە کەمپێکی ئاوارەکان لە هەولێر هیچ کەسێک نەیتوانی دەنگ بدات

رووداو دیجیتاڵ

پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بنکەی دەنگدانی حەسەن شام دووی تایبەت بە ئاوارەکانی موسڵ جیاواز بوو، لەبەرئەوەی لەو 485 کەسەی ناویان لە بنکەکەدا هەبوو، یەک کەسیش نەیتوانی دەنگ بدات.
 
لە کەمپی حەسەن شام سێش هەمان کێشە هەبوو و ژمارەیەک دەنگدەر لە مافی دەنگدان بێبەش بوون.
 
محەممەد خەڵکی شاری موسڵە، لە ساڵی 2017ـەوە لە کەمپی حەسەن شام سێ نیشتەجێیە، ئەو ناوی خۆی لە کەمپەکە تۆمار کردبوو بۆ دەنگدان، بەڵام کارتی بایۆمەتریی وەرنەگرتەوە و دەڵێ "دەنگم بەهەدەرچوو."
 
محەممەد فازڵ، ئاوارەی موسڵ لە کەمپی حەسەنشام سێ دەست بۆ لیستێک رادەکێشێت کە کۆمەڵێک ناوی بەسەرەوەیە و دەڵێ "ئەو ناوانە، هیچیان ناویان لە کەمپ نەهاتووەتەوە. ئەمە ناوی منە و ئەمەش پسوولەی کارتەکەمە، بەڵام کارتەکەم لە شوێنێکی دیکە دەرکەوتووە و ناتوانم بچم وەریبگرمەوە. ئەوە جگە لەوەی ناوی هاوژینەکەم لەو کامپە هاتووەتەوە و ناوی هاوژینی دووەمم لە موسڵ هاتووەتەوە و کە ناتوانین بۆی بچین."
 
لەو کەمپە لە 5200 کەس، هەزاریان مافی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام تەنیا 450 کەسیان ناویان گەڕاوەتەوە و ئەوانەی دیکە ناویان لە دەرەوەی کەمپ هاتووەتەوە، نزیکەی 100 کەسیشیان هەر ناویان نەگەڕاوەتەوە.
 
هەمان کێشە لە کەمپی دیبەگەش هەبوو. لە سێ هەزار کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، تەنیا ناوی 1363 دەنگدەر هاتووەتەوە ئەوانەی دیکە، یان لە دەرەوەی کەمپ یان هەر کارتیان بۆ نەگەڕاوەتەوە.
 
لە خێزانی فازڵ ئەحمەد، ناوی سێ کەس نەگەڕاوەتەوە، دەڵێ "کاتێک لە نووسینگەی هەڵبژاردن گەڕاینەوە، بینیمان تەنیا ناوی پێنج کەسمان هاتووەتەوە، ناوی سێیان نەگەڕاوەتەوە و دەنگیان فەوتا، ئەوانیش هاوژین و هەردوو کچەکەمن."
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر، پێنج هەزار و 23 ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو و دابەشکرابوون بەسەر شەش کەمپدا، ئەوانەی ناویان لە دەرەوەی کەمپ گەڕاوەتەوە دەنگیان نەدا و بەگوتەی خۆیان سەرجەمیان کێشەی ئەمنییان هەیە.