لە بەغدا بە نارنجۆک هێرش دەکرێتە سەر بنکەیەکی دەنگدان
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ لە ناوچەی مەدینە سەدری بەغدا بنکەیەکی دەنگدانی هێزە تایبەتەکان بە نارنجۆکێکی دەنگی کراوەتە ئامانج. گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیش دەڵێت، "کێشەیەکی گەورە نییە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین."
رۆژی شەممە، 16-12-2023، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا گوتی، لەو هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی و مادی نەبووە تەنیا نارنجۆکێکی دەنگی بووە لە بنکەکەدا تەقیوەتەوە. دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە وەڵامی هەڵکەوت عەزیز لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، "بابەتێکی ئاسایی بووە، لە راگەیاندنەکان بڵاوکرایەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەین و بابەتێکی ئاساییە."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت، "دوێنێش دەنگۆی هێرشکردنە سەر بنکەیەکی دەنگدان بڵاوکرایەوە، بەڵام دوای بەدواداچوون ئێمە رەتمان کردەوە و ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا ئاژاوەیان دروستکردبوو ژمارەیان 11 کەس بوون و سەرجەمیان دەستگیرکراون."
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقی کردووە و بە "هەڵبژاردنی گەندەڵی" ناوی دەبات.
رۆژی 13ـى کانوونى یەکەمى 2023، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، پەیامێکى لەبارەى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "ئێمە کەسانێکین خۆمان پاکدەکەینەوە لە گڵاوى گەندەڵییەکانیان و گەمەى هەڵبژاردنیان و ئەوان کەسانێکن خراپەکارى دەکەن و خوداش خراپەکارى خۆش ناوێت."
موقتەدا سەدر لەو پەیامەیدا کە ئاراستەى لایەنگرانى کردووە، داواى کرد کە دەستدرێژى نەکەنە سەر هەڵبژاردنەکەیان کە بە "هەڵبژاردنى گەندەڵى" ناوى بردووە و پارێزگارى لە ئاسایش و سەقامگیریى عێراق بکەن، وەک چۆن ئەمیرى بڕواداران [عەلى کوڕى ئەبو تاڵیب]، پارێزگاریى لە سەقامگیریی کرد، لە دواى ئەوەى بە گوتەى سەدر خەلافەتیان لێ زەوتکرد.
سەرجەم لایەنگرانی سەدر خۆیان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دووردەخەنەوە، شەوی پێنجشەممە 14-12-2023، گرووپی چەکداریی سەرایا سەلام، باڵی چەکداریی رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتی دەکات، لە 10 نووسراوی جیادا 10 ئەندامی خۆی لە ریزەکانی دەرکرد کە لە لیوای 301ـی پارێزگای نەجەفن.
هاوکات، 12 ئەندامی رەوتی سەدر خۆیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کردووە بەڵام رۆژی پێنجشەممە، موقتەدا سەدر بێبەریبوونى رەوتەکەى لە 12 بەربژێرەکە دەربڕیوە کە سەر بەو رەوتە بوون.
نووسینگەی سەدر لەبارەی ئەو 12 بەربژێرەوە دەڵێت، هەڵوێستى موقتەدا سەدر روونە لەوەى کە بایکۆتى هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات و دەشڵێت، "ئەو 12 بەربژێرە نوێنەرایەتیمان ناکەن لە هیچ رێوشوێنێک کە بیگرنەبەر، دواى ئەوەى رەتیان کردەوە کە بکشێنەوە و پابەندى بڕیارەکانمان نەبوون."