گۆڕانی کەشوهەوا مەترسی لەسەر کەرتی نەوتی عێراق و سعودیە دروستدەکات

16-12-2021
هێمن عەساف
.
.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

عێراق و سعودیە لەنێو ئەو وڵاتانە کە گۆڕانی کەشوهەوا مەترسیی زیاتر بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانیان دروستدەکات کۆمپانیای ڤێرسک مەیپلکرەفت (Verisk Maplecroft) کە کۆمپانیایەکی تایبەت بە راوێژکاریی مەترسییەکانە، هۆشداری دەدات و جەخت لەوەدەکاتەوە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گاز لە جیهاندا رووبەڕووی مەترسی دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی شەپۆلی باهۆز و لافاوەکان و بەرزبوونەوەی لە رادەبەدەری پلەکانی گەرما، وەک ئەنجامی گۆڕانکاری کەشوهەوا.
 
کۆمپانیاکە ئاماژە بەوە کردووە، نزیکەی 600 ملیار بەرمیل، یاخود 40٪ی یەدەگی نەوتی و گازی جیهان کە دەکرێت دەربهێنرێت، هەڕەشەی لەسەرە و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی گۆڕانی لە رادەبەدەری کەشوهەوا، لە نێو ئەو وڵاتانەشی کە زیاتر رووبەڕووی ئەو مەترسییە دەبنەوە عێراق و سعودیە و نەیجیریا هەن، وەک وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتی خاو.
 
د. سیروان عارەب، مامۆستای زانکۆ و دکتۆرا لە بواری نەوت دەڵێت، ئەمساڵ گۆڕانی کەشوهەوا، کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو کەرتە، کاتێک شەپۆلێکی سەختی کەشوهەوا سەنتەری سەرەکیی نەوتی گاز و دەرهێنانی لە کەنارەکانی کەنداوی باشووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گرتەوە، بۆ ماوەیەکی درێژ بەرهەمهێنان وەستا و کەمبووەوە.
 
رۆری کلیسپی، شرۆڤەکاری کاروباری ژینگە لە کۆمپانیای ڤێرسک مەپلکرەفت دەڵێت، ئەو جۆرە رووداوانە زیاتر لە جارێک دووبارە دەبنەوە کە "ئەمەش شۆکی گەورە بۆ ئەو کەرتە دروستدەکات".
 
وەک کۆمپانیاکە ئاماژەی بۆ کردووە، نزیکەی 10٪ یەدەگی بازرگانیی جیهانی کە دەکرێت دەربهێنرێت لە "ناوچە مەترسیدارەکان"ە.
 
توێژەرانی کۆمپانیاکەش باس لەوەدەکەن، خاڵی لاوازی سعودیە بەرزبوونەوەی زۆری پلەکانی گەرما و کەمئاویی و باهۆز و گەردەلولی خۆڵاوییە. هەروەها نەیجیریاش وەک دووەم گەورەترین سەرچاوەی خام لە ئەفریقا، یەدەگەکانی دەکەونە ناوچەکانی دەلتای نەیجیریا کە ئەمەش رووبەڕووی وشکەساڵی و لافاو دەبێتەوە.
 
هەروەها راپۆرتی کۆمپانیاکە دەڵێ، ئەو کۆمپانیانەی کە لەو ناوچانە کاردەکەن کە یەدەگی لێیە و ئەگەری گۆڕانی کەشوهەوای لێدەکرێت رووبەڕووی رووداوی وێرنکەر دەبنەوە، لە بەرزبوونەوەی تێچووی دەرهێنان، کە رەنگە بەرهەمهێنان رابگرن و شوێنەکەشیان بپارێزن تاوەکو باهۆزەکە تێدەپەڕێت.
 
د. سیروان عارەب دەشڵێت، کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات، رووداوی مەترسیدار لە شوێنە هەستیارە ژینگەییەکان رووبدەن، هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت زیاتر بکەونە ژێر کاریگەری دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەشێوەیەک کە نەتوانن بەرگە بگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە