جەبار یاوەر: پێشبینی گۆڕانکاریی گەورە لە عێراق دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

پسپۆڕێکی کاروباری ئەمنی و سەربازی، پێشبینی گۆڕانکاریی گەورە لە کابینەی گشتیی حکومەتی عێراقدا دەکات، دەشڵێت، بڕیاری هەڵوەشاندەوەی ئەندامێتیى حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق پەیوەندی بە ململانێی سیاسییەوە هەیە.
 
رۆژی چوارشەممە 15-11-2023، فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، پسپۆڕی کاروباری سەربازی و ئەمنی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە فواد رەحیم و دڵدار هەرکی پێشکێشیانکرد، لەبارەی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و بڕیاری دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامیێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ''ئەمە پەیوەندی بە ململانێی سەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانیێتیی دامەزراندنی کابینەی محەممەد شیاع سوودانییەوە (هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت) هەیە.''
 
رۆژی چوارشەممە لایەنە سوننەکان، کە زۆرینەیان پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانیى سەروەریى سوننە بوون، لەبارەى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان کۆبوونەوە، هاوپەیمانیى سەروەرى کە نوێنەرایەتیی زۆرینەى سوننەکان دەکات، لە هەردوو پارتى سەروەرى و تەقەدووم پێکهاتووە، پێکەوە زیاتر لە 70 ئەندامیان لە پەرلەماندا هەیە.
 
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینی لایەنە سوننەکان دژی بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەوبارەوە، پێشبینی گرتنەبەری رێکاری تووندوتیژ لەلایەن سوننەکانەوە (زۆربوونی کردەی تیرۆریستی) ناکات، ''چونکە جگە لە پارتی تەقەدووم، هیچ لایەنێکی سوننەی دیکە هەڵوێستێکی ئەوتۆی بەرامبەر بڕیارەکە نەبووە.''
 
فراکسیۆنی تەقەدوومی حەلبووسی کە 43 کورسی هەیە، بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کردووە، سەرۆک لیژنەکانیشی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە، هاوکات سێ وەزیری لە کابینەی سوودانی کشاونەتەوە، ئەو پسپۆرەی کاروباری ئەمنی و سەربازی دەڵێت، پێشبینی گۆڕانکاریی گەورە لە عێراقدا دەکرێت، رەنگە گۆڕانکاری لە شێوەی کاری کابینەی گشتیی محەممەد شیاع سوودانیش بکرێت.
 
کاریگەریی جەنگی غەززە لەسەر عێراق
 
دوای شەڕی هێزە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە خۆیان بە ''مقاومەی ئیسلامی'' ناساندووە زیاتر لە 55 جار لە سووریا و عێراق هێرشیان کردووەتەوە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان.
 
جەبار یاوەر لەبارەی ئەو گرووپانەوە دەڵێت "کۆمەڵێک لەو گرووپە چەکدارانە پێشتر سەر بە حەشدی شەعبی بوون، ئێستا سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقن، بەڵام سەرەڕای ئەوەی فەرماندەیی و بودجەیان بۆ دیاریکراوە، هێشتا هەندێکیان ملکەچی بڕیارەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان نین.''
 
وەک فەریقی یەکەم جەبار یاوەر دەڵێت، هێرشی گرووپە چەکدارە شیعەکانی ناسراو بە ''مقاومەی ئیسلامی'' و پاڵپشتی لە هێزە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، بۆ گوشارخستنەسەر ئەمریکا و هاوپەیمانانە بۆ جێهێشتنی خاکی عێراق.
 
بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند. لەو کاتەوەش شەڕ و پێکدادان لەنێوان سەربازانی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامە.
 
کۆی گشتی ئەوانەی لە سەرەتای ئەم جەنگەوە لە کەرتی غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە کوژراون گەیشتووەتە لانیکەم 11 هەزار و 500 کەس. هەروەها لانیکەم 29 هەزار کەسی دیکە بریندار بوون.