پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندەی ستانداردی جیهانییە و ئاسمانی خۆڵەمێشی دەردەکەوێت
رووداو - بەغدا
دووکەڵ و هەوری رەش ئاسمانی بەغدایان تەنیوە، بەشێوەیەک لە زۆربەی کاتەکان ئاسمان لەجیاتی رەنگی شین، رەش یان خۆڵەمێشی دەردەکەوێت.
عەلی ئەسەد دانیشتووی بەغدایە و نەخۆشە، دەڵێ یەکێکە لە قوربانیانی ئەم هەوا پیس و بۆنە ناخۆشە.
عەلی بە رووداوی گوت "گوێت لە دەنگمە و دەمبینی یەکێکم لەو هەزاران کەسەی لەم ماوەیەدا بەهۆی زیادبوونی ئاستی پیسبوونی ژینگە لە پایتەخت، زیانمەندبووین. لەڕاستیدا یەکێک لە خزمەکانم ناچار بوو ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ دابندرێت، بەو پێیەی لەم ماوەیە دا کەشوهەوا پڕە لە بۆنی گۆگرد، کە تاوەکو ئێستا نازانین هۆکارەکەی چییە!"
بەپێی ستانداردی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێویستە رێژەی تەنۆلکە پیسەکان لە نێو هەوادا، زیاتر نەبێت لە پێنج مایکۆگرام لە هەر مەترێکی سێجادا، بەڵام بەگوێرەی پێگەی ئای کیو ئێری سویسری کە تایبەتە بە پێوانەکردنی پیسیی هەوا، پیسیی هەوای بەغدا 15 هێندە لە رێژەی ستانداردی جیهانی زیاترە.
عەبدولرەزاق سەعید، فەرمانبەرە لە بەغدا، بە رووداوی گوت "سێچارەگی عێراق نەخۆشیی هەستیارییان هەیە، نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە، ئەم گۆگردەش هێندەی دیکە زیاتری دەکات، سەرەڕای تیشکی ئەو شەڕانەی بەسەرماندا دێت، گۆگردیشی هاتەسەر، نابێت ئاوا بێت."
هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بەناوی ئەنغام ئەحمەد، کە فەرمانبەرە باسی لەوە کرد "سەبارەت بە پیسبوونی ژینگە؛ ئەمە شتێکی ئاشکرا و روونە، پێویست بە شاردنەوەی ناکات، کە دەوڵەت فەرامۆشی بکات."
عەقیل قاسم، خوێندکارە و دەڵێ "پیسبوونی ژینگە دیاردەیەکی ناشارستانییە، کە زیان بە تەندروستیی هاووڵاتییان دەگەیێنێت. داوا لە حکومەت دەکەین توانای پێویست دابین بکات بۆ نەهێشتنی دیاردەی پیسبوونی ژینگەی، جا لە دووکەڵی ئۆتۆمبێل بێت یان هی دیکە."
وەزارەتی ژینگە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکانی ئەو لیژنە حکومییە بوو، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش و رەشهەڵگەرانی ئاسمانی بەغدا پێکهێندراوە، کارەکانی تەواو کرد و راسپاردەکانی رادەستی سەرۆکوەزانی عێراق کرد.
لیژنەیەکی تایبەت لەنێوان وەزارەتەکانی ژینگە، نەوت، کشتوکاڵ و پیشەسازیی عێراق راسپێردرا، تاوەکو لەماوەی 48 کاژێردا هۆکاری پیسیی هەوا و بۆنی ناخۆشی بەغدا بگەیێننە سەرۆکوەزیران. رۆژی سێشەممە (15-10-2024) راپۆرتە هاوبەشەکەیان رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران کرد.
نەجلە موحسین، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی هونەریی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "گرنگترین راسپاردە، ئەمینداریێتی بەغدایە بە رێکخستنی گرێبەستی پرۆژەی وەبەرهێنان بۆ چارەسەری کێشەی لەنێوبردنی زبڵ و راگەیاندنی پرۆژەی وەبەرهێنانی گەورە بۆ نەهێشتنی زبڵ و سووتاندنی بەرێگەیەکی جیهانی، کە پارێزگاری لە هاووڵاتییان و تەندروستییان بکات."
ئەنجامی راپۆرتە هاوبەشەکە، راسپاردەیەکی بەپەلەی حکومەتی عێراقی لێکەوتەوە.
رۆژی چوارشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، دەستی بە جێبەجێکردنی راسپاردەکان کردووە و تائێستا 30 شوێنی تواندنەوەی کانزاکانی داخستووە.
مووەلیدە ئەهلییەکانیش بە یەکێک لە پیسکەرە سەرەکییەکانی هەوای بەغدا دادەندرێن، بە تەنها لە پارێزگای بەغدا 11 هەزار 700 مووەلیدە هەن، کە رۆژانە لانی کەم 12 کاژێر کاردەکەن و دووکەڵ هەڵدەدەنە ئاسمانی بەغدا.