سوودانی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی دیالە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتە دیالە و بەدواداچوون بۆ گرفتەکانی ژمارەیەک پرۆژە دەکات و ژمارەیەک پرۆژەش دەکاتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە سوودانی گەیشتووەتە دیالە.
لە یەکەم کاریدا سوودانی رێگەی بەغدا- خاڵسی کردەوە، کە درێژییەکی 60 کیلۆمەترە، ئەوەش لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی رێگەی بەغدا - کەرکووک.
بڕیارە سوودانی لەگەڵ پارێزگار، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەن، بەرپرسانی دیکەی کارگێڕی و سەرۆک هۆز و کەسایەتییە دیارەکانی پارێزگاکە کۆببێتەوە.
سوودانی بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفتەکانی ئەو پارێزگایە دەکات و پرسی خزمەتگوزاری، وەبەرهێنان، کاراکردنەوەی پڕۆژە راگیراوەکان، دۆسیەی ئاوارەکان، ئاسایش و وزە لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگاکە تاوتوێ دەکات.
ئەمە دووەمین سەردانی سوودانییە وەک سەرۆکوەزیران بۆ دیالە، دوای ئەوەی لە ئاداری ساڵی رابردوودا سەردانی ئەو پارێزگایەی کرد.