دوو کەس لە نەینەوا بە تۆمەتی سەربڕینی سەربازێک دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
دوو کەس لە نەینەوا بە تۆمەتى "سەربڕینى" سەربازێک دەستگیرکران و لە دانپێدانانەکانیاندا ئاماژەیان بەوەداوە کە تاوانەکەیان بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتیەوە ئەنجامداوە.
16ـی تشرینى یەکەمى 2023، وەزارەتى ناوخۆى عێراق بڵاویکردەوە، دواى 24 کاژێر لە سەربڕینى سەربازێک لە نەینەوا، بکوژەکانى دەستگیرکران.
15ـی تشرینى یەکەم سەربازێکی عێراقی لە نێو ماڵەکەیدا لە گوندی (مسلسە) لە ناحیەی عەیازییەی رۆژئاواى شارى موسڵ بە کوژراوی دۆزرایەوە.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەڵێت، هێزێکى پۆلیسی قەزاى تەلەعفەر دوو کەسیان بە تۆمەتى کوشتنى ئەو سەربازە دەستگیرکردووە و لە دانپێدانى بەراییاندا لەبەردەم دادوەر ئاماژەیان بەوەکردووە کە شەو چوونەتە ماڵى ئەو سەربازە و دەستیان لە پشتەوە بەستووەتەوە و بە قەچۆیەک سەریان بڕیوە.
بەو گوێرەى راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەو دوو کەسە ئاماژەیان بەوەداوە کە بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتیی نێوانیان، ئەو سەربازەیان کوشتووە.
15ـی تشرینى یەکەم نەشئەت سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی عەیازییە لە سنووری قەزای تەلەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەربازەکە دەستی بەسترابووەوە و هەر لە نێو ماڵەکەیدا سەربڕدراوە.
ئەو دوو کەسە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 406 ـی یاساى سزادانى عێراقى دەستگیرکراون کە سزاکەى لەسێدارەدانە.