لە دژی پێنەدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان، حیزبێکی عێراقی سکاڵا لەسەر سوودانی تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دواکەوتن و نەناردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حیزبێکی عێراقی سکاڵای لەسەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکرد. ئەمە یەکەم حیزبی عێراقییە کە ئەو سکاڵایە تۆماردەکات، ئەمینداری گشتی پارتی ئوممەی عێراقی کە سکاڵاکەی تۆمارکردووە، دەڵێت" ئەگەر حکومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان کێشەیان هەیە، نابێت مووچە بکرێتە ئامانج."
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکان، بڕیارە دادگەی فیدراڵیی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن مەحموود حوسێن رەزا عگێلی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقیەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمارکراوە، بکات.
 
سکاڵاکە ژمارەی 227ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، تێیدا سکاڵاکار داوایکردووە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە خەرجکردنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 هاتووە، جێبەجێ بکات و حکومەتی فیدراڵی پابەند بکات بە پابەندبوون بە وادەی پێدانی مووچەکان لە وادەی خۆیاندا هاوشێوەی فەرمانبەرانی فەرمانگە و دامەزراوەکانی فەرمی لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. 
 
شەوی دووشەممە، 16-10-2023، مەحموود عگێڵی، ئەمینداری گشتیی پارتی ئوممەی عێراقی، لەبارەی سکاڵاکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت" من لە سەرکردایەتی حیزبی ئوممەی عێراقیم کە حیزبێکە بۆ هەموو عێراقییەکان، بە کورد و عەرەب و تورکمان و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکە، هۆکاری تۆماکردنی ئەو سکاڵایەش ئەوەیە هەستدەکەین هەرێمی کوردستان و فەرمانبەرانی دەکرێنە ئامانج، فەرمانبەری کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەرێکە لە بەسرە و ئەنبار و شوێنی دیکە، بۆیە ناکرێت یاری و گێچەڵ بە مووچە و رۆزیی خەڵک بکرێت و ببڕدرێت، ئەوە پێشێلکاریی دەستوورە."
 
روونیشیکردەوە" ئەگەر کێشەیەک هەبێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند، نابێت حکومەتی عێراق رۆزیی خەڵک بکاتە ئامانج، ئومێد دەکەین حکومەتی ناوەندی بێلایەن بێت و پێویستە بە دادپەروەرییەوە ئەو سکاڵایە تاوتوێ بکات و بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات بەشێوەیەک لە بەرژوەندیی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت."
 
پارتی ئوممەی عێراقی پارتێکی لیبراڵیە و لەساڵی 2004 لەلایەن میسال ئالووسی، سیاسەتمەداری عێراقییەوە دامەزراوە، کاردەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێک لەسەر بنچینەی هاووڵاتی بوون کە بنچینەکەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکان بێت و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییانی بەدیبهێنێت وەکو لە کارنامەکەیدا هاتووە.
 
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی بۆ زیاتر لە 200 رۆژی هەناردەی نەوتی کوردستان، مووچەی مانگی تەممووزی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندیش بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکدی لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
 
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق کە لە 26ـى حوزەیران کەوتە بوارى جێبەجێکردنەوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى وەزارەتى نەوتى حکومەتى فیدراڵى بکات کە یان بۆ هەناردەکردن بۆ دەرەوە یان بۆ نێوخۆ بەکارى دەهێنێت، ئەوەش وەکو یەکێک لە مەرجەکانى ناردنى پشکى هەرێمى کوردستان لەو بودجەیە کە زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
 
لەسەرەتاى ئەم ساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە، بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بنێرێت.