تى بى ئاى: دەبێت هاوردەکردنى کاڵا لە وڵاتانى دراوسێوە لە 30 رۆژدا بسەلمێندرێت

رووداو دیجیتاڵ
  
بانکى بازرگانیى عێراق دەڵێت، هەر بازرگانێک مانگانە لە رێگەى ئەو بانکەوە مافی هەیە 100 هەزار دۆلار حەواڵەى دەرەوە بکات بۆ هاوردەکردنى کاڵا، ئەگەر کاڵاکەیشی لە وڵاتانى دراوسێوە بێنێت، پێویستە لە ماوەى 30 رۆژدا بیسەلمێنێت کاڵاکەى هاوردەى کردووە، ئەگەر نا لە حەواڵەى دۆلار بێبەش دەکرێت و رێکارى یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر.
 
بانکى بازرگانیى عێراق - تى بى ئاى، لە راگەیێندراوێکدا رێوشوێن و رێنماییەکانى بۆ حەواڵەکردنى دۆلار بۆ دەرەوە تایبەت بە بازرگانیکردن و کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى بۆ ئەو مەبەستە کە 1320 دینارە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە، هەر هاوردەکارێک نابێت مانگانە لە 100 هەزار دۆلار زیاتر حەواڵەى دەرەوە بکات بەمەبەستى هاوردەکردنى پێداویستى کاڵاى بەکاربردن.
 
بەگوێرەى رێنمانى بانکى تى بى ئاى، ئەگەر کاڵاکان لە وڵاتانى دراوسێ و هەرێمیەوە هاوردە بکرێن، دەبێت هاوردەکار لە ماوەى 30 رۆژدا ئەوە بۆ بانکەکە بسەلمێنێت کە ئەو کاڵایانە چوونەتە نێو سنوورى عێراق، ئەگەر کاڵاکانیش لە وڵاتانى دیکەوە هاوردەبکرێن، هاوردەکار 60 رۆژى لەبەردەمدایە بۆ سەلماندنى ئەوەى کاڵاکانی چوونەتە ناو عێراق.
 
ئەگەر هاوردەکار پابەند نەبێت بەو وادەیەوە، ئەو کاتە لە پڕۆسەکانى حەواڵەکردنى دۆلار بێبەش دەکرێت و سەرجەم رێوشوێنە یاساییەکان دژى دەگیرێنەبەر. 
 
بانکى ناوەندیى عێراق لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنیەوە دۆلار بە نرخى فەرمى 1310 دینار دەفرۆشێتە بانکەکان و ئەوانیش بە 1320 دینار دەیدەینە بارزگانان، ئەوەش لەدواى وردبینیکردنى داواکارییەکانیان و پێشکێشکردنى بەڵگەنامەى پێویست لەبارەى ئەو شوێنەى کاڵاى لێوە هاوردە دەکات لەگەڵ وردەکارى ئەو بانکەى دۆلارەکەى بۆ حەواڵە دەکات.
 
بەگوێرەى رێنماییەکانى بانکى تى بى ئاى، دەبێت هاوردەکار بەڵگەنامە پڕبکاتەوە بەوەى کە نە کۆمپانیاى هەیە، نە بە پشک بەشدارە لە کۆمپانیایەکدا، بەڵام دەبێت نووسینگەى هەبێت. 
 
ئەو رێکارانەى بانکەکە بۆ رێگرییە لە بە قاچاخ بردنى دۆلار بۆ دەرەوە، کە یەکێکە لە هۆکارەکانى جیاوازى بەهاى دینار بەرامبەر دۆلار، لەکاتێکدا بانکى ناوەندى بە 1310 دینار دۆلار دەفرۆشێت،بەهاکەى لە بازاڕدا نزیکەى 1600 دینارە. 
 
بانکى بازرگانیی عێراق لە ساڵى 2003 وەک دامەزراوەیەکى دارایی نیمچە فەرمى کاردەکات بۆ ئاسانکاریى پرۆسەى هەناردە و هاوردە لە دەرەوەى عێراق و بە پێچەوانەوە و نوێنەرانى ئەمیندارێتیى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران و وەزارەتەکانى نەوت، دارایی و بازرگانى تێیدا ئەندامن.