لیژنەی دارایی راپۆرتێک لەبارەی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەداتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق
رووداو دیجیتاڵ
لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق کۆدەبێتەوە و پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەدا و مووچەى فەرمانبەرانی تاوتوێ دەکەن. ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت، "راپۆرتێک لەبارەى کێشەکان دەدەینە سەرۆکایەتیى پەرلەمان و ئەگەر پێویستی کرد، رێوشوێن دەگیرێتەبەر."
16ـی تشرینى یەکەمى 2023، مستەفا گەرعاوى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، رۆژى چوارشەممە 18ـی تشرینى یەکەم، لیژنەکەیان میوانداریى هەردوو وەزیرى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵیی عێراق دەکات بۆ تاوتوێکردنى کێشەکانى نێوانیان لەبارەى پشکى هەرێمى کوردستان و مووچەى فەرمانبەرانی.
مستەفا گەرعاوى گوتیشى، "لەو کۆبوونەوەیەدا بەراوردى زانیارییەکان دەکرێت لەبارەى خەرجى هەرێمى کوردستان و ئەو زانیاریانەى لەسەر هەمان بابەت لە وەزارەتى دارایی فیدراڵیدا هەیە."
9ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پەرلەمانى عێراق فەرمانی بە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد لەگەڵ وەزیرانى دارایی هەرێمى کوردستان و حکومەتى فیدراڵى کۆببنەوە بۆ تاوتوێکردنى داهاتى نەوت و پشکى هەرێمى کوردستان لە یاساى بودجەى گشتیدا.
ئەندامەکەى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق گوتی، پێشتر لەگەڵ بەرپرسانى دیکەى پەیوەندیدار بەو پرسە کۆبوونەتەوە، لەوانە شاندى دانوستاندنکارى حکومەتى فیدراڵیی عێراق و دیوانى چاودێریى داریی عێراق و ئاماژەی بەوەشکرد، دواى کۆبوونەوەیان لەگەڵ هەردوو وەزیرى دارایی، راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیى پەرلەمان بەرز دەکەنەوە و ئەگەر پێویست بکات، لەبەر رۆشنایی ئەو راپۆرتە، رێوشوێن لەلایەن پەرلەمانەوە دەگیرێتەبەر و راسپاردە بۆ سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەرزدەکرێتەوە.
بەگوێرەى یاساى بودجەى گشتى عێراق، لە 199 تریلیۆن دینارى پارەى یاساى بودجەى گشتى، پشکى هەرێمى کوردستان بە زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بۆ ساڵێک هەژمار کراوە.
بەغدا و هەولێر ناکۆکیان لەسەر رادەستکردنى داهاتى نانەوتى و شێوازى جیاکردنەوەى پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجە و خەرجکردنى پارەى کۆمپانیانى نەوت هەیە.
لەسەرەتاى ئەمساڵەوە بەغدا بە چەند گوژمەیەک سێ تریلیۆن و 298 ملیار دینارى بۆ هەرێمى کوردستان ناردووە؛ بڕیارە ئەم مانگە و مانگی داهاتووش یەک تریلیۆن و 400 ملیار دینارى دیکە بە قەرز بنێرێت.