مستەفا کازمی: پێشتر گەندەڵییەکانی دەستەی باج-مان ئاشکراکردوون


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، پێشتر گەندەڵییەکانی دەستەی باج-یان ئاشکراکردوون و دەشڵێ، "چەند مانگێک لەمەوبەر بەڵگەکانمان رادەستی دادگە کردووە." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "به‌ پشتبه‌ستن به‌ داتا و زانیاری، پێش‌ چه‌ند مانگێك، به‌ڵگه‌كانمان له‌باره‌ی دزینی ئه‌و گوژمه‌ پاره‌یه‌ له‌ بانكی رافیده‌ین، راده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كردووه‌ و به‌ڵگه‌كان به‌شی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن تۆمه‌تبارانی پێ بناسرێنه‌وه، ئێمە بە لەسەرخۆیی و دوور لە زمانی دنەدان و گومڕاکردن کارمان لەسەری کردووە."
 
رۆژی 16ـى تشرینى یەکەمى 2022، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بانگهێشتى بەشێک لە بەرپرسانى دەستەى گشتیى باجى عێراق و بانکى رافیدەینى کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەى "دزینى" ئەو 2.5 ملیار دۆلارەى کە ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیرى نەوت لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەکەیدا لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت ئاماژەى پێداوە. 
 
مستەفا کازمی لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، پێشتر گەندەڵییەکانی دەستەی باج-یان ئاشکراکردوون. دەشڵێ، "چەند مانگێک لەمەوبەر بەڵگەکانمان رادەستی دادگە کردووە و ئه‌و پاره‌یه‌ له ‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی نه‌دزراوه‌ و دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی ده‌ستبه‌كاربووه‌، توانیویانه‌ رێگری له‌ دزینی پاره‌ی زیاتر بكه‌ن." 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-10-2022، د. نەرمین مەعرووف، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "لیژنەکەمان لەگەڵ نوێنەرانى دەستەى گشتیى باج و بانکى رافیدەین کۆبووەوە." 
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق باسی لەوە کرد: "کۆبوونەوەکە بۆ زانینى وردەکاری و هێڵە گشتییەکانى ئەو دۆسیەیە کە ئەگەر هەیە ئەو پارەیەى براوە، لەوەش زیاتر بێت کە راگەیێندراوە."  
  
لە نامەى دەستلەکارکێشانەوەى ئیحسان عەبدولجەبار لە پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت کە لە 12ـى تشرینى یەکەم ئاراستەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، ئاشکرایکردووە کە دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارى پارەى باج لە بانکى رافیدەین "دزراوە." 
 
رۆژی 16ى تشرینى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، لێکۆڵینەوەیان لە دیارنەمانى ئەو 2.5 ملیار دۆلارە کردووە و دۆسیەکەشى خستووەتە بەردەم دادگە و چەند بەرپرسێک لەسەر ئەو دۆسیەیە بانگهێشتی دادگە کراون.