بۆمبێكی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی بەرپرسێکی حەشدی شەعبی دا تەقییەوە

رووداو دیجیتاڵ 

لە بیابانی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بۆمبێكی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی راوێژکارێکی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی تەقییەوە.
 
شێخ عەبدوڵڵا جغێفی، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، رۆژی دووشەممە 16-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەکاتی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنێک بۆ راوەدوونانی پاشماوەی چەکداری داعش لە بیانی ئەنبار بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلی شێخ جاروڵڵا سەبیح فلەیح، برای شێخ عەواد جغێفی، راوێژکاری فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە.
 
یەکێک لەو هێزەی بەشداربووە لەو ئۆپەراسیۆنە هێزەکەی شێخ عەواد جغێفی بووە.
 
لە بەشێک لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وابڵاوکراوەتەوە، کە بۆمبەکە بە ئۆتۆمبێلی شێخ عەواد جغێفی تەقیوەتەوە، بەڵام رزگاری بووە.
 
شێخ عەبدوڵڵا جغێفی دەڵێت، راستە شێخ عەواد جغێفی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربووە، بەڵام بۆمبەکە بە کاروانی ئۆتۆمبێڵەکانی بە دیاریکراوی بە ئۆتۆمبێلی براکەیدا تەقیوەتەوە، هەمووانیش سەلامەتن.
 
راوێژکاری لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار گوتیشی، بیابانی ئەنبار، پڕە لە مین، بۆیە لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ کێوماڵکردنی ناوچەکە، یەکێک لە بۆمبەکان تەقیوەتەوە.