ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەی موسڵ دەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەردەوامە؛ ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش دەڵێ، لە ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکە دەکرێتەوە.

هیشام هاشمی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی دووشەممە 16-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کارکردن لە نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی موسڵ بەردەوامە و سەرووی 50%ی کارەکانی تەواو بووە.
 
فڕۆکەخانەکە دەکەوێتە باشووری موسڵ و پێنج کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەکە دوورە.
 
لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014- 2017، 70%ـی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا گوتی، مانگی شوبات، یان ئاداری ساڵی داهاتوو کارەکانی نۆژەنکردنەوەی موسڵ تەواو دەبێت، گەشتە ئاسمانییەکان لە رێگەی ئەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ ناوخۆ و دەرەوە وڵات دەستپێدەکات.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە رووداوی  گوت، ساڵی داهاتوو بە فەرمی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی موسڵ دەست پێبکەنەوە. سافی گوتیشی، "کۆمپانیای تورکی، فەرەنسی و ئیتاڵی لە فڕۆکەخانەکە کاردەکەن. رادارەکانی فڕۆکەخانەکە لە فەرەنسا و ئیتاڵیاوە دابینکراون و کاری زۆر کراوە".
 
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بنیاتنانی کرا و رووبەرەکەى 1600 دۆنمە.
 
هێزەکانی ئەمریکا ساڵی 2003 فڕۆکەخانەی موسڵیان کردە بنکەیەکی سەربازی و لە ساڵی 2008 رادەستی حکومەتی عێراقییان کردەوە و هەمان ساڵ بەرووی گەشتیاراندا کرایەوە.
 
رۆژی 10ى ئابى 2022، مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى ئەو کاتى عێراق بەردى بناخەى نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردنەوەى فڕۆکەخانەکەی دانا. 
 
بودجەى پڕۆژەکە 200 ملیار دینارە و نیوەى لە پارەى بلۆککراوى پێشووى پارێزگاى نەینەوایە لە سەردەمى شەڕى داعش و نیوەکەى دیکەى لە بودجەى یاسای پاڵپشتیى خێراى ئاسایشى خۆراک و پەرەپێدان دابین دەکرێت.