پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى زەوى و زارى کەرکووک 'ناوەڕاست و باشوور'ی بۆ زیاد دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گۆڕانکارى لە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە دەکرێت کە بە چەند بڕیارێکى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشووى عێراق داگیر کراون، کە زۆرینەیان زەویى کورد و تورکمان بوون لە کەرکووک.
 
پرۆژەیاساکە، چەند بڕیارێکى دیکەى بۆ زیاد کراوە کە تایبەتن بە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور، چارەسەرى هەڵوەشاندنەوەى قەرەبووى "ناچارى" ئەو زەوییانەش کراوە، کە پێشتر وەرگیراون بۆئەوەى دووبارە زەوییەکانیان بە بەراوردکرنى نرخى زێر بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16ى ئەیلوول، پەرلەمانى عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان بە پڕۆژەیاساى "گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە بۆ خاوەنەکانیان، کە بە چەند بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە،" لە خشتەى کارى کۆبوونەوەکەدایە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، چەند بڕیارێکى دیکەى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕشى پێشوو زیاد کراوە، کە دەبێت هەڵبوەشێندرێنەوە کە زۆربەیان تایبەتن بە ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوور و بڕیارێکى تایبەتیش بە گەڕاندانەوەى زەوى و زارى خانەقین زیاد کراوە، بە تێکڕا گەیشتوونەتە زیاتر لە 21 بڕیار کە بە گوێرەى یاساکە دەبێت هەڵبوەشیێندرێنەوە.
 
پڕۆژەیاساکە لە پێنج مادە پێکهاتووە، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانەیە کە بەگوێرەى ئەو بڕیارانە لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 داگیرکراون، لەکاتێکدا لە رەشنووسی پڕۆژە یاساکەدا هەشت بڕیار بوون.
 
بەر لە گۆڕانکارییەکان، زۆرینەى بڕیارەکان پەیوەندیدارن بوون بە زەوییە داگیرکراوەکانى کورد و تورکمان لە کەرکووک، کە دراونەتە عەرەبی هاوردە.
 
یەکێکى دیکە لە مەرجەکانى گەڕاندنەوەى ئەو موڵکە داگیرکراوانە ئەوەیە، خاوەنەکەى لە سەردەمى دەسەڵاتى رژێمى پێشوو قەرەبوو نەکرابێتەوە، بۆ ئەوە پێشنیازێک کراوە بۆ چارەسەرکردنى.
 
دارا سێکانیانى گوتی، "یەکێکى دیکەش لە پێشنیازى گۆڕانکارییەکان ئەوەیە کە ئەو کەسانەى کە پێشتر قەرەبوو کراونتەوە بە ناچارى بوو بێت یان خواستى خۆى، دەتوانێت قەرەبووەکە هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەى زەوییەکەى بۆ بگەڕێندرێتەوە بەو مەرجەى پارەى کاتى قەربووەکە بە بڕى زێرى سەردەمى قەبووەکە بداتەوە."
 
بەگوێرەى ئەو پێشنیازە، بڕى ئەو قەرەبووەى کە زیان لێکەوتووەکە وەری گرتووە چەند بێت، بە گوێرەى سەردەمى وەرگرتنى قەرەبووەکە بەراورد دەکرێت بە زێرى عەیارە 18ى ئەو سەردەمە کە پارەکە ئەو کاتە بڕى چەند زێڕى کردووە، پاشان  نرخى هەمان بڕە زێر بۆ  ئێستا دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەى قەرەبووەکەى هەڵبوەشێتەوە و زەوییەکەى بۆ بگەڕێندرێتەوە.
 
مەرجێکى دیکەى نێو پڕۆژە یاساکە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو زەوییانە ئەوەیە کە نابێت ئەوانە بن کە درابنە وەزارەتەکانى بەرگرى و نەوت، یان بۆ سوودى گشتى بەکارهێندرابن، ئەوە جگە لەو زەوییانەى لەلایەن دەستەى کێشە موڵکدارییەکانەوە بڕیار لەبارەیانەوە درابێت. پێشنیازکراوە گۆڕانکارى لەو بڕگەیە بکرێت بەوەى ئەگەر زەوییەکە باڵەخانەى لەسەر دروست نەکرابێت، بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەى.
 
سەباح حەبیب، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە پشکى کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەگەر ئەو یاسایە پەسەند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەوى کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە نەک داگیرکردن یان کوژراندنەوە.
 
ئەگەر کەسى زەرەرمەند (عەرەبی هاوردە) لە کاتى دەرچوونى بڕیارەکان لە کەرکووک بووبێت، جارێکى دیکە گرێبەستى زەویى کشتوکاڵى لەو شارە بۆ دەکرێت و بە زەوییەکى دیکە قەرەبوو دەکرێتەوە.
 
هەر عەرەبێکى هاوردە کاتى دەرچوونى ئەو بڕیارانە نیشتەجێى کەرکووک نەبووبێت، بەگوێرەى ئەم یاسا نوێیە لە زێدى پێشووى بەر لە چوونى بۆ کەرکووک قەرەبوو دەکرێتەوە.
 
سەرچاوەیەکى یاسایی ئاگادار بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەوانەى دواى هەشت بڕیارەکە زەویى کورد یان تورکمانیان داگیرکردووە، دەبێت لە زێدی خۆیان (شوێنی لەدایکبوون) قەرەبوو بکرێنەوە."