سکاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵا لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار دەکات. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش دەڵێت، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەسەڵاتی پێدانی قەرزی بە هەرێمی کوردستان هەیە.
مستەفا سەند، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس (تویتەری پێشوو) و فەیسبووک گوتی، "داوام لە پارێزەرەکەم کردووە سکاڵا لەسەر ئەنجوومەنی وەزیران تۆماربکات، ئەوەش بەهۆی پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان کە لە دەرەوەی شایستەی یاسای بودجەیە".
لەو بارەوە دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 16-09-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەتوانێت و دەسەڵاتی هەیە، قەرز و هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات، هەروەک چۆن هاوکاری پارێزگاکانی عێراق دەکات".
مستەفا سەند نوێنەری پارێزگای بەسرەیە و پێشتریش چەند سکاڵایەکی لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.
بڕیارە سبەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە. چاوەڕوان دەکرێت بابەتێکی کۆبوونەوەکە پرسی ناردنی بودجە بێت بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش دوای سەردانەکەی رۆژی پێنجشەممە 14-9-2023ی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران بۆ بەغدا.
رۆژی هەینی، 15-9-2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی چوار تریلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت تاوەکو 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، واتە هەر مانگێک 800 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ تەرخانکراوە."
نەرمین مەعرووف گوتیشی، "ئەو پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگ لەسەر ناردنی دەدات تایبەتە بە مووچە. حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدای گوتووە، ئەو پارەیە بەشی مووچە ناکات، بەڵام لە داهاتی ناوخۆ تەواوی دەکات."