گوتاربێژی هەینیی نەجەف: چاکسازی لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتەوە دەکرێت

16-09-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەدرەدین گوبانچی، پێشنوێژ و گوتاربێژی نوێژی هەینی لە شاری نەجەف رایگەیاند، دەبێت چاکسازی لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و بێگەرد و بەتواناوە بکرێت، نەوەک لە رێگەی کشانەوە لە گۆڕەپانی سیاسییەوە.
 
ئەم گوتەیەی گوتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف وەکو پەیامێک بۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لێك دەدرێتەوە، چونکە موقتەدا سەدر داوای ئەنجامدانی چاکسازی دەکات لە رێگەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت بەبێ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
 
سەدرەدین گوبانچی کە سەرکردەیەکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراقە، ئەمڕۆ هەینی 16/9/2022 لە گوتاری نوێژی هەینیدا رایگەیاند: "چاکسازی دەبێ لە رێگەی پێکهێنانی حکومەتێکی عێراقیی بەهێز و بێگەرد و بەتواناوە بکرێت". گوتیشی: "چاکسازی لە رێگەی ئامادەبوون لە گۆڕەپانی سیاسی دەکرێت، نەوەک لە رێگەی کشانەوە لەو گۆڕەپانە".
 
سەدرەدین گوبانچی ئاماژەشی کرد: "دەبێ پەرلەمان بە زووترین کات کۆببێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت، دوای ئەوەی دادگەی فیدراڵیی وڵات بڕیاریدا کە نابێ پەرلەمان هەڵبووەشێندرێتەوە؛ بۆیە ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان دوای کۆتاییهاتنی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن".
 
گوتاربێژی نوێژی هەینیی نەجەف دەشڵێت: "پێویستە هەموو پێکهاتە و چینە ئایینییەکانی گەلی عێراق لە پێکهێنانی حکومەتدا بەشداربن، چونکە عێراق بۆ هەموو عێراقییەکانە".
 
بە هۆی ناکۆکیی نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، تائێستا لایەنە سیاسییەکان نەیانتوانیوە حکومەتی نوێی عێراق پێکبهێنن، لە کاتێکدا زیاتر لە یازدە مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچووە، بەڵام دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی ئێستا هەوڵدەدرێت بە رێککەوتن لەگەڵ رەوتەکە پەرلەمان کارابکرێتەوە و حکومەت پێکبهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە