خۆکوشتن لە عێراق.. کاریگەرترین چەکی گەنجان و ئافرەتان بەرامبەر دەسەڵات و کولتوور

16-09-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن خۆکوشتن عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
هەرچەندە تیشکی زۆری میدیایی ناخرێتە سەر، بەڵام حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نوێترین ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارانەیە، کە گەنجانی وڵاتێک روویان تێکردووە، جەنگ مێژووەکەی نووسیوەتەوە و سیاسەت لەبەریەکی هەڵوەشاندووە و مەزهەب ئاسانترین رێگەی بۆ کوشتن تێدا کردووەتەوە و بێکاریش، قوڕقوڕاگەی لاوەکانی گرتووە.
 
خۆکوشتن و کوشتن بەبیانووی جیاواز، ئەو رووداوانەن لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا دووبارە و دووبارە دەبنەوە. وڵاتێک کە سیاسییەکانی سەرقاڵی چنگ گیرکردنی زیاترن لە موڵک و ماڵ، دامەزراوەکانی لە ژێر کۆنترۆڵی میلیشیاکاندان و تیرۆریش وەک دیوەزمەی هەورێکی هەمیشەیی بە ئاسمانیدا دەسووڕێتەوە، بۆیە رووداوێکی پێشبینینەکراو نییە کە گەنجەکانی، خۆکوشتن بەباشترین دەرچەی مەرگەساتەکان بزانن.
 
ئەوە تەنیا خۆکوشتن نییە کە رۆژانە چیرۆکەکانی خوێنڕشتن لە عێراقدا دەنووسنەوە، بەڵکو رووداوە کۆمەڵایەتییە مەرگەساتاوییەکان، تادێت زیاتر بەناخی عێراقییەکاندا رۆدەچن، هەموویان دواجار لەو خاڵە هاوبەشەدا یەکدەگرنەوە، کە بێئومێدی تایتڵی سەرەکییەتی، چونکە دۆخی سیاسی عێراق، تەنگژە داراییەکان، فراوانبوونی سنوورەکانی نێوان کەمینەی دەوڵەمەند و زۆرینەی هەژار، بەردەستبوونی هەموو شت بۆ زەنگینەکان و هیچ بۆ بێپارەکان، سنگدەرپەڕاندنی سیاسییەکانی بە ئینتیما مەزهەبییەکان و لایەنگیری دەستی وڵاتانی دەرەوە، کۆمەڵگەی عێراقی کردووەتە خاوەن پاشخانێکی گەورەی تاوانکاری.
 
لە دوا تاوانەوە بۆ تاوانەکانی پێشووتر
 
ئێوارەی هەشتی ئەم مانگە، کەسێک لە رۆژهەڵاتی بەغدادا، بەمێشکێکی ئارام و ساردەوە، لەسەر دیواری ژووری میوانی ماڵێک، لە گەڕەکی ئەمین، بە پەمپی بۆیاخێکی رەش نووسی "ئەمە چارەنووسی ئەو کەسانەیە کە زماندرێژی بەرامبەر سەرایا سەلام دەکەن".
 
ئەوکاتەی کەسەکە دێڕی سەر دیوارەکەی دەنووسی، پێنج ئەندامی ماڵباتی خاوەن ماڵەکە، هێشتا خوێنێکی گەرم لە جەستەیان دەچۆڕایەوە، کە چەند خولەکێک لەوەوبەر، بە دەمانچەکەی ئەو رۆحیان کێشرابوو. ئەو کەسانە تاوانیان ئەوەبوو کە سەر بەمەزهەبێکی جیاواز لە مەزهەبی بکوژەکە بوون، ئاخر بکوژەکە شیعە و کوژراوەکانیش سوننە بوون.
 
رووداوەکە زنجیرەیەکی دیکەی بەقوربانیکردنی مرۆڤ و لێسەندنەوەی مافی ژیانە لە کەسانێک بەبێئەوەی پرسیان پێ بکرێت، ئاین و مەزهەبەکەیان دەستنیشانکراوە، بەڵام ئەو رێکەوتەی ئەمانی کردووە بە هەڵگری ئەم یان ئەو مەزهەب، ئێستا باجەکەی قورسە.
 
رووداوەکەی گەڕەکی ئەمین، بیرخەرەوەی ئەو هەزاران کوشتنە تایفییانە بوو کە ساڵانێک لەمەوبەر، کاریگەرترین رووداوەکانی ناو درامای ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق بوو، ئەوکات جەنگی تایفی لە نێوان سونە و شیعەکانی عێراق، بەشێوەیەکی دیکە و بەکارەکتەر و جۆری دیکە ئەنجامدەدرا.
 
ئەو رۆژانە سوننەکان لە ماڵەکانی خۆیان دەردەکران، شیعەکان دەکەوتنە بەر تۆڵەی سەربڕینی سوننەکان و کریستیانەکانیش لە نێو کەنیسەکانی خۆیاندا، لەگەڵ بەئاسمانداچوونی هۆڵەکانی پاڕانەوە و نزاکردن، بەئاسماندا دەبران. ئەو دیمەنانە زۆر جوانتر، وردتر و دەرکەوتووتر لەلایەن یودیت یۆرینگی رۆژنامەڤانی هۆڵەندییەوە لە کتێبە نایابەکەیدا بەناوی 'شارە تۆقیوەکە' نووسراونەتەوە.
 
ساڵانی رابردوو، زۆر هۆکار بوونە یارمەتیدەر بۆ ئارامکردنەوەی شەپۆلی کوشتن و تۆڵە تایفی و ئاینییەکانی عێراق. بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناشارێتەوە کە دۆخی کۆمەڵایەتی عێراق، شڵەژاوە و رووداوەکانی چوار دەیەی رابردووی وڵاتەکە، کارێکیان نەکردووە بە ئاسانی شەپۆلەکانی هەڵچوون و بێئومێدبوون بە ئاسانی بنیشنەوە. ئێستا گەرچی شەپۆلەکانی کوشتن لەسەر شوناس ئارامترن لە جاران، بەڵام خۆکوشتن لە داخی ژیان و کوشتن بەبیانووی جیاوازەوە، تادێ روو لە هەڵکشان دەکات و کۆمەڵگاش هێندەی سەرقاڵی دابەشبوون و ناکۆکی زیاترە، بیری لای ئەو درزە مەترسیدارە کۆمەڵایەتییە نییە.
 
قوڵبوونەوە لە رووداو و هۆکارەکاندا
 
تۆڕی 'نیریج' بۆ رۆژنامەڤانی بنکۆڵکاری، سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی لێکۆڵینەوەیەکی درێژی هەردوو رۆژنامەڤان ئەحمەد روبەیعی و حەسەن ناسڕی کردووە، لەبارەی تووندوتیژیە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق لە دەیان ساڵی رابردوودا، راپۆرتەکە هەڵوەستەی لەسەر ژمارە، پاڵنەر و هۆکارەکانی بەرفراوانبوونی هۆکارەکانی خۆکوشتن، تووندوتیژیی دژی ژنان و رووداوە کۆمەڵایەتییەکان کردووە. بێگومان داتا و ژمارەکانی ناو کوردستانیش لە هەمان رووەوە لە راپۆرتەکەدا بەرچاو خراون.
 
چیرۆکە نووسراوەکان
 
لێکۆڵینەوەکە بەچیرۆکی بووکێکی کوژراو دەستپێدەکات. پۆلیس لە هەبوونی حاڵەتێکی خۆکوشتنی بووکێک ئاگادارکرایەوە. بووکەکە رۆژێک دوای ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکەی بەهەڵواسراوی بەپەتی بنمیچی ژوورێکەوە دۆزرایەوە.. لێکۆڵینەوەکە دەڵێ، ئەم لێکۆڵینەوەیە بۆ دەرخستنی هۆکارەکانی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتنە لە عێراقدا، هەروەها دەرخستنی ئەو راستییەی کە چۆن زۆر حاڵەتی تاوانی کوشتنی ئافرەتان، بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێن.
 
لە نزیک شاری شەترە، لە ژوورێکی بچووکی ماڵی داپیرەیدا، ئیسماعیلی تەمەن 29 ساڵ، بەبێهۆشی دۆزرایەوە، لەکاتی دۆزینەوەکەدا، لەسەر کورسییەکی دار دانیشتبوو، جەستەی بەپێشدا کەوتبوو، سەری بەتەواوی لە زەوی ژوورەکە نزیکبووبووەوە، لە چواردەوری کورسییەکە، بڕێکی زۆری حەبی گوشاری خوێن کەوتبوون، دواتر دەرکەوت ئەو 50 دانە حەبی بەیەکجار خواردبوو.
 
شەوی پێشتر وەک ئەوەی بە پۆلیسی راگەیاندووە، ئیسماعیل زۆر بیری لە شێوازی خۆکوشتنەکەی دەکردەوە "ئازایەتی ئەوەم نەبوو بەدەمانچەکەی باوکم کە لە جۆری ویبلییە، فیشەکێک بەسەرمەوە بنێم، ئەوکات بڕیارمدا دەرگای دۆڵابی دەرمانەکانی نەنکم بکەمەوە و ئەوەی بەدەستمەوە هات، هەموویم خوارد".
 
براکەی و باوکی، لە دوای دۆزینەوەی ئیسماعیلەوە، بەپەلە ئەویان گەیاندە نەخۆشخانە. نزیکیی نەخۆشخانەی گشتی شەترە لە ماڵەکەوە، کە دەکەوێتە 46 کیلۆمەتر لە باکووری ناسڕیە، زوو ئاشکراکردنی هەوڵی خۆکوشتنەکەی لەلایەن کەسوکارەکەیەوە، هۆکاربوون بۆ ئەوەی زوو بگەیەنرێتە نەخۆشخانە و رزگار بکرێت.
 
ئیسماعیل، رۆژی هەوڵدانەکەی بۆ خۆکوشتن باش لە بیرماوە "بەرەبەیانی 21ی کانوونی یەکەمی 2017 بوو، پێموابوو لەدوای حەبەکان، لە دونیایەکی دیکە بەئاگادێمەوە، بەڵام کاتێک چاوم کردەوە، گوێم لە دەنگی پەرستارێک بوو کە زلەی لێدەدام بەئاگابێمەوە، ئەوکات زانیم هەوڵی خۆکوشتنەکەم، سەرینەگرتووە".
 
هەوڵی خۆکوشتنی ئیسماعیل، یەکێکە لەو چیرۆکە دووبارانەی لەگەڵ هەر نووستن و لە خەو هەڵسانێکدا، بەبەردەوامی لە ساڵانی رابردوودا، بەر گوێی دانیشتووانی زیقار دەکەوێت. پۆلیسی پارێزگاکە، دوای چەند رۆژێک لە هەوڵەکەی ئیسماعیل، لە خۆکوشتنی بووکێکی تەمەن 15 ساڵ، ئاگادارکرایەوە.
 
رۆژی 28ی حوزەیرانی 2017، نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن، تەرمی گەنجێکی تەمەن سی ساڵەی وەرگرت، پاشئەوەی لە ناوەڕاستی ناسڕییە و لە نێو ماڵەکەی خۆیدا، بەپەتێک خۆی خنکاند. لەسەرەتاکانی تەمووزی 2019دا، فەرماندەیی پۆلیسی زیقار، دۆزینەوەی تەرمی گەنجێکی راگەیاند کە بەخۆهەڵواسین بە دارێکەوە لە باکووری شارەکە، گیانیلەدەستدابوو.
 
باشوور.. هەژاری و بێکاری
 
لە شارەکانی باشووری عێراقدا، رێژەی بێکاری و هەژاری گەیشتووەتە 40 لەسەد. لە سایەی عادەت و کۆتە کۆمەڵایەتییەکان و هاوسەرگیری زوودا، سەدان حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار دەکرێن. زۆرینەیان لە ژێر گوشاری دۆخی ژیان و دۆخی دەروونیی قورسدا روودەدەن. بەڵام هەندێک لەو حاڵەتانە بە پاڵنەری جیاواز روودەدەن، وەک حاڵەتەکانی کوشتنی ئافرەتان (یان ئەوەی بە شووشتنەوەی شەرەف) ناودەبرێت. بەڵام بە ناوی خۆکوشتنەوە تۆمار دەکرێن. توێژەرانی کۆمەڵایەتی و چالاکڤانانی سڤیل دەڵێن، هەندێک لە حاڵەتەکان بەهۆی هەڕەشەی ئەلیکترۆنییەوە لە ئافرەتەکان، روودەدەن.
 
راپۆرت و زانیارییە دەرچووەکانی لایەنە فەرمی و نافەرمییەکانی عێراق، بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە چەند ساڵی رابردوودا لە عێراق بەرچاو دەخەن، ئەمەش لە سایەی کەڵەکەبوونی کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. کە هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی دەسەڵاتی یاسا بەشێوەیەکی کاریگەر، لە بەرامبەر دەسەڵاتدارتربوونی هێزە خێڵەکی و عەشایەرییەکاندا لە دوای ساڵی 2003ەوە.
 
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لە سەرژمێرییەکدا دەریخست زیاتر لە 3 هەزار حاڵەتی خۆکوشتنی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2015 تا 2017 تۆمارکردووە، لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا، جگە لە هەرێمی کوردستان. پارێزگای زیقار بەرزترین ئاستی بەخۆوە بینیوە لەو ماوەیەدا. ساڵی دواتریش 2018، ژمارەکانی ئەو پارێزگایە بەڕێژەی 60 لەسەد زیادیان کردووە.
 
کۆتە کۆمەڵایەتییەکان و هەژاری
 
دوو رۆژنامەڤانە عێراقییە سەرپەرشتیارەکەی توێژینەوەکە، لە بەغدا سەردانی کەسێک دەکەن بەناوی ئیسماعیلەوە. ئەو لە بەغدا نیشتەجێیە و راپۆرت نووسە لە یەکێک لە ئاژانسەکانی دەنگوباس لە شارەکەدا. وەک توێژەرەکان دەڵێن: ئیسماعیل بە دوو برۆی کەوانەیی و نیگایەکی ئەبڵەقەوە لە چاوە کاڵەکانیدا پێشوازی لێکردین، ئەو ئەزموونی خۆی لەبارەی هەوڵی خۆکوشتنەوە بۆ گێڕاینەوە، ئەزموونێک کە هاوڕێ و کەسوکارەکەی ئەویان دووچاری شۆک کرد. چونکە ئەوان ئیسماعیلیان وەک گەنجێکی خاوەن ویست و خەونبینەر بەداهاتووی باشترەوە دەبینی.
 
ئەو دەڵێت "بێزاربووم لەو گوشارانەی کە کەسوکارەکەم دەیانخستە سەرم، هەروەها لیستی ئەو کۆتوبەندە کۆمەڵایەتی و هێڵە سوورانەی کە نەدەبوون بیانبەزێنم، هەموویان بە بیانووی دابونەریتی عەشایەری و ئاینییەوە بەسەرمدا سەپێنرابوون".
 
کەمێک بێدەنگ دەبێت، پاشان درێژەی دەداتێ "لاوازیی توانای دارایی ماڵباتەکەم دووچاری بێئومێدی کردم، لە ماوەی خوێندنمدا لە زانکۆی زیقار، زۆرجار پارەی ئەوەم پێنەبوو لەگەڵ هاوڕێکانمدا ژەمێک خواردن بخۆم، ئەوکات گەیشتمە ئەو بڕوایەی تاکە رێگەی رزگاربوون، خۆکوشتنە".
 
بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، شارەکانی باشووری عێراق (جگە لە بەسڕە)، بەرزترین رێژەی هەژاری و بێکارییان بەخۆوە بینیووە، بەبەراورد بەناوچەکانی دیکەی وڵاتەکە. ئەم زانیارییە سەرژمێرییەکانی وەزارەتی پلاندانان دەریخستووە.
 
توێژەرەکان دەڵێن لە وڵاتێکدا کە بەدەست شڵەژانی سیاسی و بێ خزمەتگوزارییەوە ناڵاندوویەتی، دواتر شەڕی ناوخۆیی بەخۆوە بینیووە و پاشان جەنگێکی قورسی لەگەڵ داعشدا کردووە، کە سووتەمەنیی هەموویان دەیان هەزار گەنج بوون، ئەو رووداوانە رەنگدانەوەیان لەسەر سەقامگیری کۆمەڵایەتی دروستکردووە.
 
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرایکردووە، ساڵانە نزیکەی 800 هەزار کەس بەهۆی خۆکوشتنەوە گیانلەدەستدەدەن. سێ ئەوەندەی ئەو ژمارەیەش هەوڵەکانی خۆکوشتن تۆماردەکرێن، 79٪ی کۆی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە جیهاندا لە وڵاتانی خاوەن داهاتی نزم و مامناوەندە.
 
ژمارەکان کەمن، بەڵام جێگەی دڵەڕاوکێن
 
توێژینەوەیەکی سەنتەری لێکۆڵینەوەکانی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە ساڵی 2014 بڵاوکراوەتەوە، بەناوی 'بڵاوبوونەوەی خۆکوشتن لە عێراقدا.. هۆکار و پێشنیازەکان' ئاشکرایکردووە، لە نێوان ساڵانی 2003 تاوەکو 2013،  1532 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون. ژمارەکە بەپێی داتاکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری راگەیێندراون.
 
کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق دەڵێ، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2015 تاوەکو 2017، کۆی حاڵەتەکانی خۆکوشتن زیاتر لە 3 هەزار حاڵەت بووە، ئەمەش بەرەو سەرچوونێکی مەترسیداری حاڵەتەکانی خۆکوشتنە لە وڵاتەکەدا.
 
ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەریدەخەن، ژمارەی خۆکوشتن ساڵ لە دوای ساڵ، بەرەو سەر دەچێت و زیاد دەکات. ساڵی 2013 بەرزترین حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکرا کە 439 حاڵەت بوو. ژمارەکە لە ساڵی 2012دا بریتیبوو 276 حاڵەت. لە ساڵی 2011دا 253 کەس بوون. ساڵی پێشتر واتە 2010، ژمارەکان 161 حاڵەت بوون. لە کاتێکدا ساڵی 2008 تەنیا 103 حاڵەتی تێدا تۆمارکرا. ساڵی 2009 ژمارەکە بریتیبوو لە 95 حاڵەت و ساڵی 2007 ژمارەکە بە 64 حاڵەت تۆمارکرا و ساڵی پێشتریش واتە 2006دا  51 حاڵەت و 2005، 46 حاڵەت، 2004، 31 حاڵەت و ساڵی 2003ش، تەنیا 13 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون.
 
هەرچەندە هەندێک لایەن، دووپاتیدەکەنەوە کە هەندێک لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە ماوەی نێوان 2004 تا 2008 بەهۆی شەڕی ناوخۆیی و بێسەرەوبەرەیی ناوخۆییەوە تۆمار نەکراون، بەڵام هێشتا هیچ گومانێک لەوە نییە کە ژمارەکان ساڵ لە دوای ساڵ، بەرەوسەر چوون.
 
بەبەراوردکردنی ژمارەی ئامارەکانی خۆکوشتن لە عێراق، بە وڵاتانی دراوسێ و لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووان بۆ نموونە (عێراق 40 ملیۆن کەس و ئوردن 10،5 ملیۆن کەس)، ژمارەکانی عێراق دوو هێندەی دراوسێکانیەتی. لە ئوردن لە ماوەی نێوان 2015 تا 2017، 283 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراوە، ئەمە بەپێی داتا فەرمییەکانی فەرمانگەی زانیارییە تاوانکارییەکانی ئاسایشی گشتی وڵات. 
 
زیقار.. خاڵی گەرمی خۆکوشتن
 
شاری زیقار ناوەندی پارێزگای ناسڕییە (375 کیلۆمەتر لە باشووری بەغدای پایتەخت)، کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی دوو ملیۆن و نیوە، یەکێکە لەو شارانەی تایبەتمەندی عەشایەری و ئاینیی زۆر بەسەریدا زاڵە. هەرچەندە شارەکە یەکێکە لە شارە نەوتییەکانی وڵات و ژمارەیەک کێڵگەی گەورەی نەوتی تێدایە، بەڵام بەدەست رێژەی بەرزی بێکارییەوە دەناڵێنێت، رێژەی هەژاری بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە شارەکەدا، گەیشتبووە 44 لەسەد. بەپێی وەزارەتی پلاندانانیش، پەتاکە دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە.
 
ئەو سەرژمێرییانەی کەوتوونەتە بەردەستی لێکۆڵەرەکان لەبارەی ژمارەکانی خۆکوشتنەوە لە شارەکەدا، جیاوازی زۆر گەورە لە نێوان ژمارەکانی هەریەکە لە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەک و پزیشکی دادی ناسڕییە و بەرپرسانی حکومەتی ناوخۆییدا دەردەخەن.
 
کۆمیسیۆنەکە دەڵێ 225 حاڵەتی خۆکوشتن، لە ماوەی نێوان 2017 و 2018 لە سەرانسەری شارەکە تۆمارکراوە، 142 حاڵەت لە ساڵی 2017 و 83 حاڵەت لە ساڵی 2018دا. لەو ژمارانەش 86 لە رەگەزی نێر و 139 لە رەگەزی مێ.
 
لە بەرامبەردا ژمارە تۆمارکراوەکانی فەرمانگەی دادپزیشکیی زیقار و سەرژمێرییەکانی حکومەتی ناوخۆیی لە شارەکەدا، کە خراونەتە بەردەستی لێکۆڵەرەکان، ژمارەکان زۆر کەمتر پێشاندەدەن، لەو ژمارانەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردوون. دادپزیشکیی لە نێوان 2017 و 2018دا کۆی 97 حاڵەتی تۆمارکردووە، 43 حاڵەت لە 2017 و 54 حاڵەت لە 2018.
 عادل دەخیل، پارێزگاری زیقار بەر لەوەی بەهۆی ناڕەزایەتییە میللییەکانەوە دەستلەپۆستەکەی هەڵبگرێت، ئاشکرایکردووە لە ساڵانی 2017 و 2018دا کۆی 98 حاڵەتی خۆکوشتن تۆمارکراون، لە نێویاندا 46 حاڵەت لە 2017 و 52 حاڵەت لە 2018دا.  پارێزگار و دادپزیشکیی شارەکە، رەگەزە خۆکوشتەکانی پارێزگاکەیان ئاشکرا نەکردووە، چونکە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەیانویستووە ئاشکرای بکەن.
 
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2019دا کۆی 32 حاڵەتی خۆکوشتنی تۆمارکردووە لە پارێزگاکە تۆمارکردووە، 19 نێر و 14 مێ.
 
ئەم ژمارانە هاوکاتن لەگەڵ تەمومژاویکردن و شاردنەوەی حاڵەتەکان بەتایبەت لەلایەن 'دەزگا حکوومییەکان'ەوە، بۆ ژمارەی راستەقینەی خۆکوشتن لە پارێزگاکەدا، هەروەها هەوڵەکانی ئەو لایەنانە، بۆ پەردەپۆشکردنی حاڵەتە کۆمەڵایەتییە نێگەتیڤەکانی وەک، خۆکوشتن و سێکس و بەرزبوونەوەی رێژەی بەکارهێنانی هۆشبەرەکان.
 
ژمارەکان زیاترن
 
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرایکردووە کە، ژمارە راستییەکان لە ژمارە راگەیەنراوەکان زۆرترن، ئەو دەڵێ "دەزگای گشتی ئامار کە بەرپرسە لە پرۆسەکانی ئامار لە هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت و ژیان لە وڵاتەکەدا و سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، هیچ داتا و سەرژمێرییەکی راستەقینە و بەڵگەداری لەسەر حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراقدا، لەبەردەستدا نییە".
 
هنداوی گومانی لە بوونی "سەرژمێرییەکی وردی خۆکوشتن لای هەموو لایەنێک هەیە"، دووپاتیدەکاتەوە "ئەو ژمارە و سەرژمێرییانەی بڵاودەکرێنەوە، زۆر کەمترن لە ژمارە راستەقینەکان".
 
مەرجەعیەتی باڵای شیعەکان لە نەجەف، لە رێگەی عەبدولمەهدی کەربەلائی نوێنەرییەوە لە کەربەلا، لە حەوتی حوزەیرانی 2019دا دووپاتیکردەوە "بەربڵاوبوونی دیاردەی خۆکوشتن لە عێراقدا، ئاماژەیە بۆ بوونی کەموکورتی لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا". داوایکرد "سیستمی سیاسی و دەسەڵاتدارانی وڵات، کەمێک رەحم بە خەڵک بکەن". ئاماژەی بەوەدا "دیاردەی خۆکوشتن بەرپرسیاریەتیی هەمووانە و پێویستە کۆمەڵگا بونیاد بنرێتەوە و لە فەلاکەت بپارێزرێت".
 
دەستدرێژی و پاشان خۆکوشتن
 
لە کانوونی دووەمی 2018دا لە شاری ناسڕیە، پۆلیس هەواڵی خۆکوشتنی بووکێکی یەک رۆژەی پێگەیشت، کە بەهەڵواسراوی بە بنمیچی ژوورەکەیەوە، دۆزرایەوە.
 
بەرلە ساڵێک 'نەبەئـ وەعد'ی 15 ساڵان، لەلایەن دانیشتوویەکی گەڕەکەکەیانەوە دەستدرێژی سێکسی کرایە سەر. دەستدرێژیکەرەکە 15 ساڵ لە دەستدرێژیلێکراوەکە گەورەتر بوو. ئەو کچە منداڵەکەی لەسەر رێگەی قوتابخانە بۆ ماڵەوە رفاندبوو، بەرلەوەی دەستدرێژی بکاتە سەر. دوای ئاشکرابوونی رووداوەکە، کەسوکاری کچەکە بەبیانووی 'تۆڵەی عەشایەری'یەوە بەچەکی سووک و مامناوەند، هێرشیان کردە سەر ماڵی دەستدرێژیکارەکە.
 
ماڵباتی دەستدرێژیکەر و دەستدرێژیلێکراوەکە، لە رێگەی 'سوڵحی عەشایەرییەوە' رێککەوتن لەسەر پێدانی بڕی 42 ملیۆن دیناری عێراقی (35 هەزار دۆلاری ئەمریکی) بە ماڵی کچەکە و هاوسەرگیری ناچاریی نێوانیان.
 
نەبەئـ بیرۆکەی هاوسەرگیرییە ناچارییەکەی رەتکردەوە، بەڵام لە ژێر گوشاری کەسوکارەکەی و مامەکانیدا بەناچاری رازیبوو، بەڵام دوای چەند کاژێرێکی کەم لە مانەوە لە ماڵی دەستدرێژیکەرەکەدا، خۆی خنکاند و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.
 
سەرپەرشتیارانی لێکۆڵینەوەکە ئاشکرایانکردووە، نەیانتوانیوە زانیاری لەسەر شێوەی ژیان و مامەڵەی کەسوکارەکەی، لەگەڵ نەبەئـ لەدوای دەستدرێژیکردنە سەری بزانن، چونکە کۆتە کۆمەڵایەتییەکان، رێگربووە لەوە.
 
لە کوردستانیش دیمەنەکان دووبارە دەبنەوە
 
حاڵەتە زۆرەکانی خۆکوشتن لە شارەکانی باشووری عێراق، کە پڕی بێکاری و هەژاری و داخرانی کۆمەڵایەتین، لەگەڵ شارەکانی ناوەڕاستی وڵات، بەتەنیا روونادەن، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان، وێنەکە زۆر جیاواز نییە، هەرچەندە لەوێ دۆخی ئابووری باشترە و جۆرێک لە کرانەوەی کۆمەڵایەتی هەیە.
 
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، 328 حاڵەتی خۆکوشتنی ئافرەتانی بەتەنیا لە ساڵی 2018 تۆمارکردووە. لە نێویاندا 73 حاڵەتی خۆکوشتن بەکەرەستەی تیژ و خنکان و خواردنەوەی ژەهر بووە، لە کاتێکدا 145 ئافرەت سووتاون بەبێ دڵنیابوونەوە لە هۆکارەکەی. 110 ئافرەتیش بەمەبەستی خۆکوشتن، خۆیان سووتاندووە لە هەمان ماوەدا.
 
هەمان بەڕێوەبەرایەتی لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2019دا کۆی 189 حاڵەتی تۆمارکردووە، لە نێویاندا 32 خۆکوشتن بە رێگەی جیاواز و 99 سووتان و 58 حاڵەتی خۆخنکاندن.
 
ئامارەکانی یەکێتی پیاوانی کوردستان دەریخستووە لە ساڵی 2018 کۆی 115 حاڵەتی خۆکوشتن لە نێو پیاواندا روویداوە، ئەمەش بەهۆی تەنگژە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە.
 
جیا لە حاڵەتەکانی خۆکوشتن، رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری دۆخی ئێزدییەکان، لە راپۆرت و داتاکانیاندا دەریانخستووە کە 150 ئافرەتی ئێزدی تەمەن جیاواز، خۆیان کوشتووە، ئەمەش پاش ئەوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستدرێژی سێکسییان کرایە سەر، ئەوکاتەی رێکخراوەکە لە ئابی 2018دا هێرشی کردە سەر ناوچەی ئێزدییەکان لە شنگال و شوێنەکانی دیکەش.
 
لە سایەی نەبوونی هەر ژمارەیەکی فەرمیدا، چالاکڤانانی چاودێریکاری حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە کۆمەڵگەی ئێزدی، پێیانوایە لە دوای هێرشەکانی داعش، زیاتر لە 200 ئێزدی خۆیان کوشتووە، بەهۆی "دۆخی قورسی ژیان و کێشەی دەروونی، لە دوای کۆمەڵکوژی و ئاوارەبوونیانەوە".
 
خۆکوشتن یان کوشتن؟
 
دوای زیاتر لە ساڵ و نیوێک لە سکاڵا و دادگایی و 16 دانیشتنی دادگا، دادگای سلێمانی لە 11ی ئابی ئەمساڵدا، سزای لەسێدارەدانی بۆ (د، م) هاوژینی سێوان قادری 23 ساڵان دەرکرد، کە لەگەڵ هەرسێ منداڵەکەیدا لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەسووتان گیانیانلەدەستدا لە کانوونی یەکەمی 2018.
 
دۆسێیەکە سەرەتا خۆکوشتن یان رووداوی سووتان دانرا، بەڵام کەسوکاری سێوان سووربوون لەسەر سەلماندنی ئەوەی کە روویداوە خۆکوشتن نەبووە، بەڵکو پرۆسەیەکی کوشتن بووە کە هاوژینەکەی سەیوان پلانی بۆ داناوە و جێبەجێی کردووە.
 
سێوان چەند کاژێرێک بەرلەوەی گیانلەدەست بدات بەهۆی سووتانەکەیەوە، داوایکرد دۆسێیەکەی بە حاڵەتی خۆکوشتن دانەخرێت و گوتی: "هاوژینەکەم ئەو کارەی کرد، پێویستە بەسزای خۆی بگات..هەرگیز لێی خۆشنابم.. لە هیچ کەسێک خۆشنابم کە لەو تاوانەوە گلاوە.. توخوا ئەم دۆسێیە دامەخەن".
 
هاوژینەکەی سێوان ئاگری لە ماڵەکەی بەردابوو، وای باسکردبوو کە لە کاتی رووداوەکە لەسەر کاربووە. ئاگرەکە بووە هۆی کوژرانی سێوان هەرسێ منداڵەکەی، کە تەمەنیان لە نێوان ساڵێک و پێنج ساڵاندابوو.
 
لەبەردەم باڵەخانەی دادگادا، باوکی سێوان داوای لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد، رەزامەندی لەسەر سزاکە بدات بەخێرایی. دایکیشی گوتی "تکاتان لێدەکەم بەخێرایی لەسێدارەی بدەن، دوو ساڵە من هەموو رۆژێک دەمرم".
 
لەیلا حەسەن چالاکڤان دەڵێ "رەتکردنەوەی بەردەوامی ماڵباتەکەی سێوان، بۆ پەنابردنە بەر رێککەوتنی عەشایەری و ملنەدان بۆ گوشارەکان لەپێناو داخستنی دۆسێی رووداوەکە، سەریکێشا بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێیەکە کە دەکرا وەک زۆر دۆسێی دیکە، بە حاڵەتی خۆکوشتن تۆمار بکرێت".
 
چەند رۆژێک لە دوای داخستنی دۆسێی سێوان، لە کەرکووک س، م (19 ساڵ) خۆی کوشت، دوای ئەوەی لەلایەن هاوسەرەکەی و خەسوویەوە لێیدرا.
 
س،م کە تەنیا نۆ مانگ بوو شووی کردبوو، مێردەکەی و خەسووی بە هاندانی بۆ خۆکوشتن تۆمەتبار کرد. ئەو لە تۆمارێکی دەنگیدا چەند کاژێرێک بەر لە خۆکوشتن دەڵێ "مێردەکەم لێیدام.. دەیەوێ ژنێکی دیکە بهێنێت، دایکی پێیگوت بڕۆ ژن بهێنە".
 
دایکی کچە کەرکووکییەکە ئاشکرایکردووە لە کاتی سووتانیدا، کچەکەی جلی لەبەردا نەبووە، "ئەو رۆژە لەلایەن مێردەکەی و خەسوویەوە لێیدرابوو، کاتێک هەڕەشەی خۆکوشتنی کردبوو و نەوتی بەجەستەی خۆیدا کردبوو، خەسووی چەرخی دابوویە بۆ ئەوەی ئاگر لە خۆی بەربدات".
 
دادوەران و چالاکڤانانی کۆمەڵگەی مەدەنی هۆشداریدەدەن لەوەی کە بەشێکی بەرچاوی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە راستیدا تاوانی کوشتنن، بەڵام بەناوی خۆکوشتنەوە پەردەپۆش دەکرێن.
 
نازدار میرزای دادوەر، لە کۆڕێکی تایبەت بەچارەسەرکردنی دیاردەی خۆکوشتن ئاشکرایکردووە، لە میانی زیاتر لە دوو دەیە کارکردنیدا، بۆی دەرکەوتووە ژمارەیەکی بەرچاوی دۆسێیەکانی خۆکوشتن لە دادگاکاندا، "لەبنەمادا تاوانی کوشتن بوون".
 
تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتان
 
دکتۆر عەلی تاهیر حەموود، توێژەری کۆمەڵایەتی، گومانی لەو ژمارە زۆرەی خۆکوشتنی ئافرەتان هەیە، وایدادەنێت "هەندێکیان دەکرێ تاوانی کوشتنی ئافرەتان بن، بەبیانووی بەرگری لە شەرەف، یان تەنانەت کوشتنی بەئەنقەست، لەسایەی لاوازیی ئەو کەرەستانەدا کە لەبەردەستی بەڵگەنامەکانی تاواندان و بەهۆیانەوە دەکرێ یەکلایی بکرێنەوە، رووداوەکان خۆکوشتن یان کوشتن بووە".
 
حەموود دەڵێ "ئێمە وەک توێژەرانی کۆمەڵایەتی، گومانمان لە بوونی ئەو ژمارانەی حاڵەتی خۆکوشتن هەیە، پێمانوایە بەشێکیان تاوانی کوشتنی ئافرەتانن، ئەمەش لە توێژینەوەیەکدا سەلمێنراوە، کە لە چەندین ناوچەی جیاوازی عێراقدا ئەنجامدراوە".
 
لەبارەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە پارێزگای زیقار، حەموود دەڵێ "رێژەی ئەوانەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن لە ناوەڕاست و باشووری عێراق تا دەگاتە بەغدا، بەرزە، ئەمەش یەک لە هۆکارەکانی خۆکوشتنە"، ئاماژەی بەوەداوە "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی حاڵەتەکانی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان بەتایبەت کچانی گەنج، هەروەها حاڵەتەکانی وێنەگرتنی رێگەپێنەدراو کە ئافرەتەکان رووبەڕووی ئابڕووچوون دەکاتەوە، بووەتە دیاردە. ئەوەش ئەو کچە گەنجە یان ئافرەتەی گرتەکەی بڵاودەبێتەوە، دەخاتە ژێر گوشارێکی گەورەی دەروونییەوە و دەبێتە پاڵنەری خۆکوشتن".
 
وێڕای بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە عێراقدا لە سەرەتای ساڵی 2003ەوە تا 2019، بەڵام بەبڕوای حەموود، ئەوە لە ئاستی سرووشتیدا ماوەتەوە، تەنانەت بەبەراورد بە ئامارەکانی خۆکوشتن لەسەر ئاستی جیهان، نزمە، چونکە لە ئەوروپادا بریتییە لە 11،4 بۆ هەر 100 هەزار کەس.
 
حەموود تیشک خستنە سەر حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە چەند ساڵی رابردوودا، بەفرەبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبەستێتەوە، کە هەموو رووداوێک تۆماردەکات و بڵاویدەکاتەوە.
 
بەڵام جەمیل عەلی، چالاکڤان، وایدەبینێت کە ئەو بەراوردە دروست نییە، چونکە خۆکوشتن لە کۆمەڵگە موسوڵمانەکاندا لەلایەنی ئاینی و کۆمەڵایەتییەوە رەتکراوەیە، هەروەها "هۆکار و پاڵنەرەکان بەتەواوی جیاوازن، چونکە ئەوانەی ئێرە، پەیوەندییان بە بێبەشبوون و نەبوونی دادپەروەری و بێئومێدی لەبەدیهێنانی ژیانێکی باشترەوە هەیە".
 
ئەو پێیوایە هەندێکجار "حاڵەتەکانی خۆکوشتن پەیوەندییان بە گوشارێکی دیاریکراوەوە هەیە، یان کاریگەریی کەسێک یان لایەنێکی دیاریکراو، هەروەها دەکرێ رووداوەکان بۆ پەردەپۆشکردنی تاوانەکانی کوشتن بن".
 
خۆکوشتن لە ترسی ئابڕووچوون
 
دوای نزیکەی ساڵێک لە بەدواداچوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتنی ئافرەتان، ئامادەکارانی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوتووە بەشێکی زۆری ئەو حاڵەتانە لە ئەنجامی هەڕەشەوە بووە، کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ئافرەتەکان گەیشتووە، بەهۆی هاککردنی مۆبایلەکانیان و دزینی وێنە و ڤیدیۆکانیان.
 
ئەمە لەگەڵ 'س، ب'ی قوربانیدا روویداوە، کە خۆی کوشت پاش ئەوەی کەسێک هەڕەشەی لێکرد بەوەی، وێنەکانی خۆی و ماڵباتەکەی بڵاودەکاتەوە.
 
عەبدوڵڵا بەیزانی، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێ زۆرینەی ئافرەتەکان، دوای رووبەڕووبوونەوەی ئەو گوشار و دەستدرێژییانە، خۆیان دەکوژن، ئەمەش بەهۆی کۆتە خێڵەکییەکان و ئەو کولتوورەی کە وایدادەنێت، بڵاوبوونەوەی وێنەی ئافرەتان ئابڕووچوونە و سزاکەی کوشتنە.
 
پارێزگاری پێشووی زیقار، هەمان گومانەکانی حەموودی توێژەر دووپاتدەکاتەوە لەبارەی "تۆمارکردنی تاوانەکانی کوشتن بەهۆی کڕینەوەی شەرەفەوە، بە ناوی حاڵەتی خۆکوشتنەوە"، ئەو پێیوایە ئەمە بەهۆی "سرووشتی داخراوی کۆمەڵگەوەیە".
 
بەلەبەرچاو گرتنی سەرچاوە ئاسایشییەکانی زیقار، لە مامەڵەکردن لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی خۆپارێزی خێڵەکیدا، زۆرینەیان رەتیدەکەنەوە قسە لەسەر بوونی حاڵەتەکانی کوشتنی بەئەنقەست بکەن، لە نێو تاوانەکانی کوشتنی ئافرەتاندا و بە حاڵەتی خۆکوشتن تۆماری دەکەن. ئەو سەرچاوانەی پارێزگاکە کە توێژەرەکان پەیوەندییان پێوەکردن، بۆ بەڵێ یان نەخێر کردن لەسەرئەوەی کوشتنی ئافرەتان لە شارەکەدا بە خۆکوشتن تۆمار دەکرێت، هیچیان نەگوت تەنیا ئەوەندە نەبێت "نۆ کۆمێنت".
 
نەقیبێکی نەهێشتنی تاوان لە ناسڕیە، گوتویەتی "دەزگا ئاسایشییەکان، رێوشوێنە تەکنیکییەکان دەگرنەبەر لە حاڵەتێکدا هەر هەواڵێکیان لەبارەی خۆکوشتنەوە پێبگات، ئەوان سەرەتا وەک تاوانێک مامەڵە لەگەڵ رووداوەکەدا دەکەن، سەردانی شوێنی رووداوەکە دەکەن و رووداوەکە شیدەکەنەوە و قسەی ئەوانە وەردەگرن کە لە ماڵەکە یان ناوچەکەدان، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دەستکەوتنی هەر سەرەداوێک، کە سەر بکێشێت بۆ زانینی هۆکاری خۆکوشتن یان کوشتنە بەئەنقەستەکە".
 
پارێزەران بەبەردەوامی داوای وردبوونەوە لە دۆسێیەکانی خۆکوشتن دەکەن. باسم لامی، پارێزەر، لە دوای رووداوی کوشتنی پارێزەرێک لە بەغدا لە ئایاری 2019، کە مشتومڕ لەبارەیەوە دروستبوو، بەهۆی ئەوەی خۆی کوشتووە وەک مێردەکەی رایگەیاندووە، یان کوژراوە وەک ئەوەی ماڵباتەکەی دەڵێن.
 
ئەو دەڵێ "مەترسیی بەکارهێنانی خۆکوشتن وەک رووپۆشی تاوانەکانی کوشتن، روو لە زیادبوونە"، داوا دەکات لایەنە دادوەرییەکان لێکۆڵینەوەی ورد لە هەر رووداوێکی خۆکوشتن و هۆکارەکانی بکەن.
 
ناسڕ عومران، دادوەر لە دادگای ناسڕیە بە توێژەرەکانی راگەیاندووە "یاسا لە رووداوەکانی خۆکوشتندا، بەرامبەر هاندەر یان یارمەتیدەری رووداوەکە تووندە. ئەگەر سەلمێنرا کەسێک هانی کەسێکی داوە یان هاوکاریبووە بۆ خۆکوشتن، بەپێی مادەی 408ی یاسای سزاکان سزادەدرێت، لەبەرئەوەی یاسادانەران پێیانوایە خۆکوشتن مەترسییە لەسەر کۆمەڵگە و سەلامەتیی کۆمەڵایەتی".
 
بەڵام دلۆڤان عەلی، پارێزەر وایدەبینێت، کە سەلماندنی هاندان لەسەر خۆکوشتن بابەتێکی "زۆر زەحمەتە"، بەتایبەت کە دادگا پشت بە "بەڵگە تەکنیکییە بەردەستەکان" دەبەستێت لە بڕیارەکانیدا.
 
لە رێگەی نامەیەکەوە هەموو شتێکی ئاشکرا کرد
 
ئاداری 2018، 'عەلیا حوسێن' کە خانمێکی چل ساڵانی دانیشتووی ناسڕییە بوو، بۆ دواجار بەگریانەوە هەرسێ منداڵەکەی لە ئامێز گرت و بە دەبەیەک بەنزین و شقارتەیەکەوە، روویکردە گەرماوی ماڵەکەی, کۆتایی بەژیانی خۆی بهێنێت.
 
عەلیا نەیویست بڕوات بێئەوەی ئابڕووی ئەو کەسە ببات، کە بووە پاڵنەری خۆکوشتنەکەی، نامەیەکی مەترسیداری بەجێهێشت کە تێیدا هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئاشکرا کردووە، داوای لە کەسوکارەکەی کردووە لە دوای مردنی، تۆڵەی بۆ بکەنەوە.
 
بەپێی ئەو نامانەی لە مۆبایلەکەیدا دۆزرانەوە، عەلیا لە رێگەی فەیسبووکێکی دروستکراوەوە، هەڕەشەی لێکرابوو، پاش ئەوەی کەسێک مۆبایلەکەی ئەوی هاککردبوو و ڤیدیۆ و وێنەکانی ئەوی لە رێگەی هاککردنی واتسئاپەوە دزیبوو، هاککەرەکە داوای 10 هەزار دۆلار، یان سێکسکردنی لە عەلیا کردبوو، لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆکانیدا.
 
هەرچەندە بەڵگەتاوانەکان باوەڕیان بە خۆکوشتن نەبوو بۆ ناونانی دۆسێیەکە، بەڵام ئەو رووداوە وەکو خۆکوشتن تۆمار نەکرا. ئەمەش لەبەر ئەو گوشارە عەشایەرییانەی خرایە سەر بەشی پۆلیس، بۆ تۆمارکردنی وەک رووداوێکی سووتانی ئاسایی. لە کاتێکدا وەک کەسێکی نزیکی ماڵباتەکە ئاشکرایکردووە، کەسوکارەکەی نەیانتوانیوە بگەنە 'هاککەرەکە' و هەژمارەکەی فەیسبووکیشی داخستووە.
 
پاریزگاری پێشووی زیقار کە بەرپرسی شانەی قەیرانی خۆکوشتنی پارێزگاکەش بوو دەڵێ "پرۆسەکانی جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن، لە دۆسێیەکانی 'شەرەف' یان هەڕەشەی ئەلیکترۆنی، لە کۆمەڵگەی زیقاردا زەحمەتە، ئەمەش لەبەر ئەو پەیوەندی و میانگیرییانەی 'عەشایەرە'کان، لەگەڵ هەندێک کەسی دەسەڵاتدار و پیاوانی پۆلیسدا هەیانە".
 
خۆکوشتن وەک هەڵهاتن
 
رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، پێیانوایە پاڵنەرەکانی خۆکوشتن لە جیهاندا چەندینن، لایەنەکانی دەروونی، کۆمەڵایەتی و ئابووری. بەڵام ئیمان راوی، توێژەری کۆمەڵایەتی، هۆکارەکە بۆ دۆخی وێرانی ئابووری دەگەڕێنێتەوە، ئەمە جیا لە "بەرزبوونەوەی تەڵاق و هەڵوەشانی خێزانەکان، هەروەها کۆتە کۆمەڵایەتییەکان کە بەسەر پیاوان و ئافرەتاندا سەپێنراوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەکارهێنانی هۆشبەر و زیادبوونی نەخۆشییە دەروونییەکان، لە ئەنجامی جەنگە درێژ و تووندوتیژییەکاندا".
 
فاتن حەلفی، بەرپرسی دۆسێی ئافرەت و دادوەریی تاوان، لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق، بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتن دووپاتدەکاتەوە، ژمارەکان بە'مەترسیدار' ناودەبات، دیارترین هۆکارەکانیش بۆ 'کۆتوبەندە کۆمەڵایەتییەکان لەلایەک و بێکاری و دۆخی ژیان لەلایەکی دیکە' دەگێڕێتەوە.
 
ئەو دەڵێ "بەرزبوونەوەکە دەگەڕێتەوە بۆ تووندوتیژی خێزانی و گوشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان لە نێو خێزانەکاندا"، ئاماژەی بەوەداوە کە "دیاردەکە لە ساڵانی رابردوودا، لە نێو خوێندکاراندا بڵاوبووەتەوە".
 
عەلی بەیاتی، ئەندامی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ دەڵێ "لە عێراقدا سەنتەرەکانی چارەسەری دەروونی نین، بۆ ئەو کەسانەی پەنا بۆ خۆکوشتن دەبەن، هەروەها کەموکورتی گەورە هەیە لە بەشەکانی چارەسەرکردنە دەروونییەکاندا، ئەمە جیا لە کەمیی کادیرانی ئەو بوارە، تەنانەت هیچ رۆشنبیرییەکی تەندروستیی دەروونی نییە".
 
زەینەب خەلەف، کە سەرۆکایەتی لیژنەی ئافرەت و منداڵی دەکرد لە ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، هۆکاری بەردەوام بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە پارێزگاکەدا بۆ "گوشارە کۆمەڵایەتییەکانی سەر نەوەکان دەگەڕێنێتەوە، هەروەها خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لاوازیی چاودێریی باوان و هەڵوەشانی ماڵباتەکان، ئەمە جیا لە لایەنی دارایی کە بەرپرسە لە نزیکەی 20 لەسەدی خۆکوشتنەکان".
 
داهاتوویەکی ئومێدبڕ
 
تەواوکردنی خوێندنی کۆلێژی ئەندازە، نەبووە هۆکاری رێگرتن لە 'س، ح' بۆ خۆکوشتن، ئەو لە تشرینی یەکەمی 2018دا لەسەر پردی نەسڕەوە لە ناوەڕاستی ناسڕییە، خۆی فڕێدایە ناو رووباری فوراتەوە، هەرچەندە پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە کرد، بەڵام نەگەیشتە هۆکاری خۆکوشتنی گەنجەکە. ماڵباتەکەی هەمان شت دووپاتدەکەنەوە "پاڵنەری خۆکوشتنەکەی نازانین".
 
حوسێن عەلی، چالاکڤان، هۆکاری زۆرینەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بۆ 'بێئومێدبوونی لاوان' دەگەرێنێتەوە، لەسایەی دۆخی سیاسی و ئابووری خراپ و ناڕوونی داهاتوو. روونیدەکاتەوە کە لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کۆتایی 2019 کە، تاسەرەتای ئەمساڵ بەردەوامبوو و ناسڕیە یەکێک لە گەرمترین گۆڕەپانەکانی بوو، رێژەی خۆکوشتن پاشەکشەی کردووە بەهۆی دروستبوونی هیوا، لە بەردەستهێنانی داهاتوویەکی باشتردا.
 
توێژەرەکان بەهۆی فراوانبوونی ناڕەزایەتییە میللییەکان کە گەنجانی کچ و کوڕ سەرپەرشتییان دەکرد، کە سەرکەوتوو بوو لە ناچارکردنی حکومەتی عادل عەبدولمەهدی بەدەستلەکارکێشانەوە و پێکهێنانی حکومەتی نوێ. هەروەها لە سایەی لەکارکەوتنی دامەزراوەکان و سەرقاڵبوونی رێکخراوەکان، بە تۆمارکردنی رووداوەکانی کوشتن و رفاندنی خۆپێشاندەران. نەیانتوانی ژمارەی خۆکوشتنەکان لەو ماوەیەدا تۆماربکەن، بەڵام چالاکڤانانی پارێزگاکە بەوانیان راگەیاندووە کە شارەکە، "لەگەرمەی خۆپێشاندانەکاندا" پاشەکشەی حاڵەتەکانی خۆکوشتنی بەخۆوە بینیووە، بەڵام دواتر جارێکی دیکە ژمارەکان زیادبوونەتەوە.
 
پاش نزیکەی دوو ساڵ لە هەوڵە شکستخواردووەکەی خۆکوشتن، ئیسماعیل نایەوێت ئەو ساتانەی 'رووداوە تاڵەکە'ی بیربکەوێتەوە، وەک ئەوەی خۆی باسیدەکات.
 
ئەو چاوەکانی دەنوقێنێت و هەناسەیەکی کورت وەردەگرێت، تەماشای کورسییە دارینەکەی بەردەمی دەکات، بەرلەوەی بڵێت "بەڵام ئەوە خاڵێکی وەرچەرخانی گەورەبوو لە ژیانمدا.. ماڵباتەکەم لە نێو ئەو چاڵەیان دەرهێنام کە تێیکەوتبووم".
 
کەی دەروازەکانی خۆکوشتن دادەخرێن؟
 
کارکردن بۆ چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن و پەنابردنە بەر کۆتاییهێنان بە ژیان، چەندە پەیوەندییان بە رووداوەکانی ئێستای نێو ژیانی کۆمەڵگەی عێراقی و هەرێمی کوردستانیشەوە هەبێت، ناکرێ ئەوە نادیدە بگرین کە ساڵانی ژیانی عێراقییەکان لە ژێر دەستی، دیکتاتۆریەتی سەدام حوسێندا، کۆمەڵگەیەکی شێواوی، تۆقیووی پڕ تووندوتیژی کپکراوی دروستکرد و رووخانی پەیکەرەکانی سەدام لە وڵاتەکەدا، هاوشێوەی دەسەڵاتەکەی خۆی، بووە ئەو شنەبایەی خۆڵەمێشی سەر پشکۆ خەفەکراوەکانی، ناو دەروونی عێراقییەکانی لابرد و بەرهەمی راستەقینەی کارەکانی بەعسی پێشانی هەموواندا.
 
ئاخر ساڵانی درێژی جەنگی عێراق - ئێران و پەلاماردانی کوەیت و برسیەتی و قاتووقڕییەکانی دوای ئەو رووداوانە و درێژبوونەوەی نەهامەتییەکان تا کەوتنی دەسەڵاتی سەدام حوسێن، هەموویان دروستکەری کارەکتەرێکی دەروون شێواو و دڕندەیەکی پەردەپۆشکراوی ناو ناخی مرۆڤەکانی ئەم وڵاتە بوون. ئەمە جیا لە جیاکارییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی هەمان سەردەم و چەوساندنەوەی هەموو ئەوانەی، لە دەرەوەی بازنەی بیرکردنەوەکانی حیزبی بەعسدابوون. سەرباری گرتن و کوشتن و ئازار و ئەشکەنجە بەردەوام و نەبڕاوەکانی ئەو دەسەڵاتە، کە پشکی بەر تاک بەتاکی کۆمەڵگەی عێراقی کەوتووە.
 
هەموو ئەم راستییانە و کێشەکانی ئێستای وڵاتەکە، کە لە دوای رووخانی سەدامەوە زیاتر و زیاتر کەڵەکەبوون، وایکردووە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان و لە نێویاندا خۆکوشتن و کوشتن لە عێراق، پێویستییان بە هەوڵی دووقات و پلانی مەزن بێت، بەڵام پێناچێت لە وڵاتێکدا کە گیرۆدەی دابەشبوونی مەزهەبی و ئاینی و بیرکردنەوەی تەسکی حیزبایەتی و سەربەم و بەو بوون و سەرقاڵی کڕینی ملکەچبوونە، کەس بیر لەوە بکاتەوە چۆن دەستبخاتە سەر رێگەی ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی، لەریزدا وەستاون بۆ ئەوەی خۆیان بکوژن یان بکوژرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی سووتانی بازاڕی شۆرجە لە بەغدا. وێنە: رووداو

ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی شۆرجەی بەغدا زیانی نیو ملیۆن دۆلاری لێکەوتووەتەوە

ئاگر لە بازاڕی شۆرجە لە ناوەڕاستی بەغدا کەوتەوە، زیاتر لە 40 ئۆتۆمبێلی بەرگریی شارستانی و ئەمیندارێتیی بەغدا بەردەوام هەوڵی کۆنترۆلکردنی ئاگرەکەیان دا، بەڵام ئاگرەکە بۆ زیاتر لە شەش کاژێر بەردەوام بوو و زیانێکی زۆری مادیی لێکەوتەوە