رێکارە ئەمنییە تووندەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا هەڵدەگیرێن

16-08-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە سبەی شەممەوە رێکارە ئەمنییە تووندەکان لە فڕۆکەخانەی بەغدا نامێنن. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت، رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ فڕۆکەخانە بەسەر شەش رێڕەودا دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئابی 2024 مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رۆژی شەممە 17ی ئاب، بە فەرمی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا وەکو هەر فڕۆکەخانەیەکی دیکەی جیهان، رێکارە ئەمنییە تووندەکانی لادەبرێن و گەشتیاران دەتوانن بە ئاسانی لە رێگەیەوە گەشتەکانیان ئەنجام بدەن."
 
مەیسەم سافی گوتی، "دوای دەرکردنی رێنوێنییەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە، لیژنەی باڵای ئاسایشی فڕۆکەخانەکان کۆبوونەوەیان کرد و تێیدا بڕیاردرا رۆژی شەممە کاژێر 8ی بەیانی فڕۆکەخانەکە بە تەواوی بکرێتەوە و دۆخە نائاساییەکەی هەڵبگیرێت."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، "رێڕەوی چوونە ژوورەوە بۆ فڕۆکەخانە بەسەر 6 رێڕەودا دابەشدەکرێت کە بەم شێوەیە دەبێت؛ هاتووان، رۆیشتووان، فەرمانبەران، بارهەڵگران، کۆمپانیای تەکسی رێگەپێدراو و هەڵگرانی باجی تایبەت. هەریەکە لەوانە رێڕەوێکی تایبەتی دەبێت. جگە لەوەی رێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت بۆ پێشوازی گەشتیاران بچنە نێو گۆڕەپانی فڕۆکەخانەکە، بێ ئەوەی داوای وڵاتینامە و کارتی نیشتمانییان لێبکرێت، بەڵکو رێکارەکان بەشێوازی رێکخراو و ئاسایی دەبن."
 
لە ساڵی 2003ەوە رێکاری ئەمنی تووند لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەگیرێتەبەر، بەشێوەیەک هاتووچۆی گەشتیاری زەحمەت کردووە.
 
بۆ چوونە نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، بە چەندین خاڵی پشکنین تێدەپەڕیت کە جگە لە وردبوونەوە لە ناسنامە، پشکنینی خەڵک و ئۆتۆمبێل و هەموو جۆرە جانتایەک دەکرێت، ئەگەر کەسەکە گەشتیار بێت یان بۆ پێشوازی لە گەشتیار بچێت.
 
هەروەها لەو کاتەوە رێگەنەدراوە گەشتیار یان ئەو کەسانەی بۆ پێشوازی گەشتیار دەچن، بە ئۆتۆمبێلی خۆیان یان تاکسی بگەنە بەردەم دەرگای فڕۆکەخانە؛ دوایین شوێن کە دەتوانن پێی بگەن گۆڕەپانێکە لە دەرەوەی فڕۆکەخانە بە ناوی گۆڕەپانی (عەباس بن فرناس) و لەوێوە دەبێت بە تاکسی تایبەتی فڕۆکەخانە بچنە ژوورەوە.
 
بۆ چوونە ژوورەوە بۆ نێو فڕۆکەخانەی بەغدا، هاووڵاتی لانیکەم بە چوار قۆناخی پشکنیندا تێدەپەڕێت، کە دووانیان سەگی تایبەت تێیاندا بەکاردەهێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاری هەولێر لە وەرزی زستان. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

شەپۆلێکی باران عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

لە بەیانیی ئەمڕۆوە تەمێکی چڕ ژمارەیەک ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە. سبەی باران دەستپێدەکات و رۆژی هەینی بارانەکە لە هەرێمی کوردستان چڕ دەبێتەوە.