لە 7 پارێزگای عێراق پشووی فەرمیی رادەگەیێنرێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەبۆنەی عاشووراوە بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق پشووی فەرمییان تێدا راگەیێندرا.
 
بەبۆنەی نزیکبوونەوەی چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن - عاشوورا، ئەنجوومەنەکانی 7 پارێزگای عێراق چەند رۆژێک پشووی فەرمییان راگەیاند.
 
لە کەربەلا ئەنجوومەنی پارێزگاکە بڕیاریدا، لە 18 تاوەکو 27ی ئاب پشووی فەرمیی دەبێت، بەڵام بڕیارەکە هێزە ئەمنییەکان، کارمەندانی تەندروستی و شارەوانیی ناگرێتەوە، ئەوەش بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رێوڕەسمی ماتەمینییەکە دەبێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەفیش، 18 تاوەکو 26ی ئەم مانگەی کردە پشوو.
 
هەریەکە لە پارێزگاکانی، بابل و واست لە 21 تاکو 26ـی مانگ، موسەنا، 16 تاوەکو 26ـی مانگ؛ دیوانییە 20 تاوەکو 22ـی مانگ و پارێزگای زیقاریش 21 و 22ـی ئەم مانگەیان کردە پشووی فەرمی.
 
چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن لای شیعەکان بایەخی زۆری پێدەدرێت، چلەی ماتەمینیی ئەم ساڵ دەکەوێتە 25ـی ئابەوە و لە ئێستاوە بەشێک لە شیعەکان پارێزگاکانی دیکەی عێراقەوە بە پێ بەرەو کەربەلا بەڕێکەوتوون، جگە لە هاتنی سەدان هەزار زیارەتکار لە ئێران و وڵاتانی دیکەشەوە.